سنە؛ مانگرتن لە خواردنی پویا جەواهێری لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا

پویا جەواهێری، هاوڵاتییەکی خەڵکی کامێران و یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢٥ مانگ بەسەر دەستبەسەرکرانیدا، هێشتا لە زیندانی سنەدایە. ئەم هاوڵاتییە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ناڕوونی دۆخی خۆی مانی لە خواردن گرتووە.

بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، پویا جەواهێری، هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری کامێران و یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١، زیاتر لە ٧٦٠ ڕۆژە لە زیندانی سنە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
مستەفا ئەحمەدیان، پارێزەر، ڕۆژی ڕابردوو وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاند: «پویا جەواهێری، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە درێژبوونەوەی ماوەی دەستبەسەرکرانەکەی لە زیندانی سنە، مانی لە خواردن گرت.»
پویا جەواهێری لە ٨ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠١ دوای بانگهێشتکرانی بۆ ئیتلاعاتی سپای کامێران دەستبەسەر کرا و لە کۆتایی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠١دا بۆ زیندانی کامێران گواسترایەوە. ناوبراو، سەرەتای مانگی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٢ بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا.

لە کۆتایی ساڵی ١٤٠١، سەرۆکی دادوەریی کوردستان تۆمەتی “موحاربە”ی لە دژی ئەم هاوڵاتییە ڕاگەیاندبوو.

لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوودا دۆسیەی ئەم هاوڵاتییە بە تۆمەتی «موحاربە لە ڕێگەی کوشتنی بە ئەنقەستی کارمەندێکی نیزامی، ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی ڕژیمدا، چالاکیی تەبلیغی لە دژی ڕێژیم و لێدان و هێرشکردنە سەر چەند کارمەندی نیزامی» ڕەوانەی لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە کرا.

پەیوەندییە گشتییەکانی دادگای پارێزگای کوردستان ڕایگەیاندووە، پویا جەواهێری تۆمەتبارە بەوەی کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ٢٤ی خەزەڵوەری شاری کامێراندا بە چەکی ساچمەیی تەقەی لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان کردووە کە بەم هۆیەوە بەسیجییەک بە ناوی «ڕەزا ئازەربار» و هەروەها سی کارمەندی ئەمنی دیکە کوژراون. ڕۆژی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١، پویا جەواهێری بە ڕێوشوێنی توندی ئەمنی و کەلەپچە و پێبەندەوە برابووە شەقامی دوانزە مەتری کامێران و هێزە ئەمنییەکان ناچاریان کردبوو ملکەچی سیناریۆی «بەشدار بوون لە ناڕەزایەتییەکان و تەقە لە هێزە ئەمنییەکان» بکات.
پویا جەواهێری کرێکاری دروستکردنی ڕێگاوبانە و بە وتەی باوکی، ڕۆژانی ٢١ و ٢٢ و ٢٣ی خەزەڵوەر، لە پرۆژەیەکی کاری شارەوانی لە گوندی «تیلەکۆ»ی شاری کامێراندا سەرقاڵی کار بووە، هەروەها لە ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ی ئەم مانگەدا لە هەمان گوند و لە ماڵی باوکی هاوسەرەکەی ماوەتەوە. بەپێی ئەو بەڵگانەی کە بنەماڵەی پویا جەواهێری ئامادەیان کردووە، لە نێوان ٥٠ بۆ ٧٠ گوندنشین پشتڕاستیان کردووەتەوە کە پویا ئەو ڕۆژە لە گوندی تیلەکۆ بووە.
پویا جەواهێری یەکێکی دیکەیە لە دەستگیرکراوەکانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١، کە تۆمەتی “موحاربە”ی ئاراستە کراوە، تۆمەتێک کە لەم ڕۆژانەدا دادگاکانی شۆڕش وەک بیانوویەک بۆ تۆڵەسەندنەوە و پەرەدان بە ترس و تۆقاندن لە دژی خۆپیشاندەران دەریدەکەن کە بەدوایدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنن.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بۆکان؛ بەردەوامی دەستبەسەری و ناڕوونی چارەنووسی حەسەن ئەهار

ی ژانویه 5 , 2025
بە تێپەڕینی دوو حەوتوو لە دەستبەسەرکرانی حەسەن ئەهار، هێشتا زانیارییەک لە چارەنووسی ئەم هاوڵاتییە بەردەست نییە. بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی یەکشەممە دووی بەفرانباری ١٤٠٣ حەسەن ئاهار، هاوڵاتی شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بۆکانەوە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. هێزە ئەمنییەکان بەبێ بڕیاری دادگا ئەم هاوڵاتییەیان […]

You May Like