شەش کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی سەقز، بۆکان و بانە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە، لە قاچ، سەر، پشت و کەمەر برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی بە دەمانچەی ساچمەیی تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە کردووە و لە ئەنجامدا شەش کۆڵبەر سەر و پشت و قاچ و کەمەریان برینداربووە.
“ئیسماعیل ڕەحیمی”، “جۆهەر”، “محەمەد ڕەشیدزادە” خەڵکی گوندی ئەیوب، “فەرزاد فەرەجی” تەمەن ٢٦ ساڵ، هەر چواریان خەڵکی شاری سەقزن، “سیامەند” خەڵکی شاری بۆکان و “مێهدی جەماڵی” تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی شاری بانە، ناوی ئەو کۆڵبەرانەیە کە تا ئێستا بۆ کۆڵبەرنیوز پشتڕاستکراونەتەوە.
بەپشتبەستن بەو ئامارەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراوە، لە ١ی ڕەزبەر تا ٣٠ی خەزەڵوەری١٤٠٢، بەگشتی ١٥٣ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی، لێدان و ئازاردان لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ڕژێم و کەوتنە سەر مین. کوژراو و بریندار بوون.
لەم ژمارەیە بەگشتی ٧ کۆڵبەر کوژراون و ١٤٦ کۆڵبەر برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٥٣ کۆڵبەری کە کوژراون و برینداربوون، ١٤١ حاڵەت (٩٢%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.