گەنجێکی کۆڵبەر بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژیم لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی!مەرزی ڕژیم لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک لە کۆڵبەران کرد و لە ئەنجامدا کۆلبەرێکی گەنج بە ناسنامەی “حەمید ئەحمەدی “، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، بریندار بوو.
پێشتریش کۆڵبەرنیوز لە ڕاپۆرتێکدا هەواڵی برینداربوونی کۆلبەرێکی دیکەی خەڵکی شاری سەقز بە ناسنامەی ‘جەوهەر مورادی’ تەمەن ٢٨ ساڵ، کە لە هەمان ڕۆژدا بە تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندار ببوو بڵاوکردبۆوە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان جادەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و حاڵەتەکانی ترەوە کوژراون و بریندار بوون. لەم ژمارەیە بەگشتیی ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژراون و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەری کە کوژراون و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەری کە کوژراون و بریندار بوون، ٣٠ کەسیان منداڵی خوار ١٨ ساڵن .