له سه‌روبه‌ندی هاتنی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن داین. ڕۆژی جیهانیی ژن، ڕۆژی ڕاگه‌یاندنی هاوپشتیی ژنان، ڕۆژی وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی خه‌باتی یه‌كگرتووانه‌ی ژنان و پیاوانی یه‌كسانیخواز دژبه گشت بواره‌كانی نابه‌رابه‌ری، ڕۆژی ڕاگه‌یاندنی توندبوونه‌وه‌ی خه‌بات دژبه هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی و ڕۆژی ڕاگه‌یاندنی نه‌فره‌ت له سوننه‌ت و كلتووری دژه‌ژن و پیاوسالارانه‌یه. ڕۆژی ڕێزلێنان له نیوه‌ی دانیشتووانی جیهانه كه درێژه‌ی نایه‌كسانی و سته‌م دژبه ئه‌وان، له‌سه‌ر ویژدانی مرۆڤایه‌تیی سه‌رده‌م قورسایی ده‌كات. ئه‌گه‌رچی له ئاكامی پتر له یه‌ك سه‌ده خه‌باتی خه‌ڵكی ئازادیخواز و به‌رابه‌ری ته‌ڵه‌ب، ژنان له هێندێك له وڵاتان تا ڕاده‌یه‌ك به مافی ئینسانی و كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆیان گه‌یشتوون، به‌ڵام له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان تا به‌رابه‌ری و ڕزگاریی یه‌كجاری هێستا ڕێگایه‌كی دوورودرێژیان له‌به‌ره. سته‌م به‌رامبه‌ر به ژنان له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی، پانتایی و شێوازی یه‌كجار نامرۆڤانه‌ی به‌خۆی گرتووه. هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی به‌ڕه‌سمی وه‌ك یه‌كێك له بنه‌ماكانی باوه‌ڕی ڕژیم، ته‌بلیغی بۆ ده‌كرێت و به پیرۆز داده‌ندرێت. دژه‌ژن بوون وه‌ك یاسای داڕێژراو، له‌لایه‌ن ناوه‌نده دینییه‌كان، دادگا دهوڵهتهییهكان، هێزه ئینتزامییه‌كان و حیزبوڵڵاییه‌كان له هه‌موو شوێنێك به‌كرده‌وه ده‌ردێت. ده‌زگا تهبلیغاتییهكانی ڕژیم به‌رده‌وام له كاردان تا پله دووهه‌م بوون و خواردهستبوونی ژن ته‌نانه‌ت به‌خۆشی قه‌بووڵ بكه‌ن، ملكه‌چ و ژێرفه‌رمانی باربێنن و پیاوسالاری بكه‌نه باوه‌ڕێكی نه‌گۆڕ.
خۆڕاگریی ژنان له به‌رامبه‌ر یاسای كۆنه‌په‌رستانه و ستهمكارانهدا به‌رده‌وام یه‌كێك له پایه سه‌ره‌كییه‌كانی خه‌بات دژبه‌م ڕژیمه بووه. ژنانی ئێران هه‌ر به‌م ئیعتباره بوونه‌ته خاوه‌نی ڕۆڵ و پێگه‌یه‌كی تایبه‌ت له ئاڵۆگۆڕه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئێران‌دا. ژنانی ئازادیخواز به‌وه گه‌یشتوون كه ڕزگارییان له ڕێگای به‌شداریی لێبڕاوانه‌یان له خه‌بات دژبه گشت ڕژیمی كۆنه‌په‌رستی كۆماری ئیسلامییه‌وه تێپه‌ڕ ده‌بێت.
بێگومان خه‌بات بۆ دابینكردنی به‌رابه‌ریی ژن و پیاو، ته‌نیا بابه‌تی ژنان نییه به‌ڵكوو بابه‌تی هه‌موو ژنان و پیاوانێكه كه بۆ ڕزگاریی مرۆڤایه‌تی له‌ده‌ست سته‌م و زه‌بروزه‌نگ و چه‌وسانه‌وه خه‌بات ده‌كه‌ن. خه‌باتی به‌رابه‌ری ته‌ڵه‌بانه و ئازادیخوازانه‌ی ژنان، نابێ به خه‌باتی خودی ژنانه‌وه سنووردار بێت. خه‌بات بۆ ڕزگاریی ژن، خه‌باتێكه كه نه‌ته‌وه، ڕه‌گه‌ز و ڕه‌ش و سپی بوون ناناسێت. سیستمی سه‌رمایه‌داریی جیهانی و ئاراسته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه دواكه‌وتووه‌كانی ئه‌م سیستمه، ماف و به‌شداریی تاكه‌كه‌سی و به‌كۆمه‌ڵی ژنان له بواری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی تا ئه‌و جێگه‌یه به‌ڕه‌سمی ده‌ناسێت كه له خزمه‌ت چه‌وساندنه‌وه‌ی هێزی كاری هه‌رزانی ئه‌واندا بێت. نیزامی سه‌رمایه‌داری، له شه‌ڕه‌كاندا، له ته‌بلیغاتی بازڕگانی و ئابووری و بههرهكێشیدا، به‌رده‌وام له ژنان وه‌ك ئامراز كه‌ڵك وه‌رده‌گرێت. به‌ڵام ڕزگاریی ژن له سته‌می جنسییه‌تی له گره‌وی سه‌ركه‌وتن له هه‌موو ئه‌و بوارانه دایه كه تێیدا هه‌ڵاواردن و نابه‌رابه‌ری به‌پێی جنسییه‌ت له ئارا دایه. سه‌ركه‌وتن كاتێك مسۆگه‌ر ده‌بێت كه مافی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی، مافی ئابووری، مافی ژن له بنه‌ماڵه‌دا، به‌یاسا ده‌رهاتبێت و قابیلی سه‌رپێچی نه‌بێت.
ئه‌مڕۆ ژنانی ئازادیخوازی ئێران له ڕیزی چینی كرێكار، له ڕیزی خوێندكارانی خه‌باتكار، له ڕیزی حه‌ره‌كه‌ته ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له گه‌ڕه‌كه‌كان و شوێنی كار، له قالبی خه‌باتی دایكانی گیان به‌ختكردوو و دایكانی به‌ندكراوانی سیاسی، له بواره جۆراوجۆره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان و له هه‌ر شوێنێك كه نیشانێك له ناڕه‌زایه‌تی و خه‌بات و خۆڕاگری بوونی هه‌یه، له ڕێزی پێشه‌وه دان و نموونه‌ی بوێریی شۆڕشگێڕانه و سه‌رسه‌ختی له به‌دواداچوونی خواسته ڕه‌واكانی خۆیان دان.
یه‌كێك له بواره‌كانی به‌شداریی كۆمه‌ڵایه‌تیی ژنان، به‌شداریی چالاكانه له به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رچی شكۆدارتری ڕێوڕه‌سمه‌كانی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنه. ڕۆژی جیهانیی ژن تایبه‌ت به حیزب و ڕێكخراو و وڵاتێك نییه. هه‌ربۆیه به‌ڕێوه‌چوونی ڕێوڕه‌سمه‌كانی ئه‌م بۆنه‌یه‌ش پێویسته به به‌شداریی چالاكانه‌ی بواره جۆراوجۆره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان، چالاكانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و خه‌باتكارانی بواری مه‌ده‌نی و كلتووریی پێشڕه‌و به‌ڕێوه‌بچێت. به‌ڕێوه‌بردنی ئاشكرای ڕێوڕه‌سمه‌كان، به‌شداریی ژماره‌یه‌كی هه‌رچی زیاتر له ژنان و پیاوانی یه‌كسانیخواز، نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتووبوونی ڕێكخهرانییهتی. به‌دواداچوونی لێبڕاوانه‌ی ژنان و پیاوانی خه‌باتكار و به‌رابه‌ریخواز له پاراستنی ڕۆژی جیهانیی ژن‌دا، تا ئاستێك به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م ڕێوڕه‌سمانه‌ی به‌سه‌ر ڕژیمدا سه‌پاندووه و هه‌موو ساڵێ، پیاوان و ژنان، ئه‌مڕۆژه به‌شێوازی جۆراوجۆر به‌ڕز ڕاده‌گرن. ئه‌مساڵیش، له درێژه‌ی سوننه‌تی هه‌موو ساڵێدا، ئاماده‌كاری بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م ڕێوڕه‌سمانه له‌لایه‌ن چالاكانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان و جه‌ماوه‌ری ژنان و پیاوانی یهكسانیخوازهوه ده‌بیندرێت. پێویسته هه‌وڵه‌كانی ڕژیم بۆ ڕێگری له به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمه‌كانی ئه‌م ڕۆژه به به‌شداریی به‌رینی خۆمان پووچه‌ڵ بكه‌ینه‌وه.