ئارمان حەبیبی و عەبدوڕەحمان ناسری، دوو ئەندامی بنەماڵەی قوربانیانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن دادگای تاوانەکانی بۆکانەوە، هەریەکەیان بە شەش مانگ زیندان و ٤٠ قامچی سزایان بەسەردا سەپێندرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆڵبەرنیوز، ئارمان حەبیبی و عەبدولڕەحمان ناسری سزای زیندانیکردن و قامچی لێدانیان بەسەردا سەپێنراوە. بە پشتبەستن بەو بڕیارەی کە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکانەوە دەرچووە، ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕی١٤٠٢، ئەم دوو هاوڵاتییە بە تۆمەتی “تێکدانی نەزمی گشتی” هەریەکەیان بە شەش مانگ زیندان و ٤٠ قامچی سزایان بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٢، دوابەدوای کۆبوونەوەی ناڕەزایی ژمارەیەک لە بنەماڵەی قوربانیانی شۆڕشی ژینا لە سەر گۆڕی دانیال پایبەندی، هەرزەکارێک کە لە کاتی شۆڕشی ژینادا کۆچی دوایی کرد، ئارمان حەبیبی و عەبدولڕەحمان ناسری لەگەڵ شەش کەسی تر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
ئەم دوو هاوڵاتییە دواجار دوای دانانی کەفالەت لە زیندانی بۆکان ئازاد کران.