ئێوارەی چوارشەممە ٢ی ڕەشەممەی ١٤٠٢، سێ کۆڵبەر لە بۆسە و تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم لە هێڵی سنووری نەوسوود بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم بەرەو کۆڵبەران لە هێڵی سنووری نەوسوود، سێ کۆڵبەری خەڵکی شاری جوانڕۆ بە سەختی بریندار بوون و بارودۆخی یەکێکیان ناجێگیر ڕاگەیاندراوە.
تا ئێستا ناسنامەی ئەم سێ کۆڵبەرە بۆ کۆڵبەرنیوز پشتڕاست نەکراوەتەوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی ٢٠٢٣ لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، ٢٩٩ کۆڵبەر لە سنورەکان و ڕێگای نێوان ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکاری وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوار لە شاخ، بەرزایی و حاڵەتی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژران و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکان بووە. بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر کە کوژران و بریندار بوون، ٣٠ لەوانە منداڵی خوار ١٨ ساڵن.