شوانە خزرنەژاد، ئەحەد خزرنەژاد و ئومید خزرنەژاد بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندان، دەستبەسەرکران و بۆ زیندانیی نەغەدە گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی دووشەممە نۆزدەی خەزەڵوەری ١٤٠٤، شوانە خزرنەژاد، ئەحەد خزرنەژاد و ئومید خزرنەژاد، سێ هاوڵاتی خەڵکی شاری پیرانشار بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندان، دەستبەسەرکران و بۆ زیندانیی نەغەدە گواسترانەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم سێ هاوڵاتیە پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی دژبەری حکومەتی ئێران» هەریەکێک بە سێ ساڵ زیندانیی تەعزیری سزادران.
ڕۆژی دووشەممە دووی ڕێبەندانی ١٤٠٢، شوانە خزرنەژاد و ئەحەد خزرنەژاد لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرابوون. هەروەها ڕۆژی شەممە حەوتی ڕێبەندانی ١٤٠٢ ئومید خزرنەژاد پاش بانگهێشتی بۆ ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەرکرابوو. ڕۆژی چوارشەممە شازدەی جۆزەردانی ١٤٠٣، ئەم سێ هاوڵاتیە بە کەفالەتی دوو ملیار تمەن بۆ هەریەکێک، بە کاتی تا کۆتایی دادگاییەکەیان لە زیندان ئازادکرابوون.
ئەم سێ هاوڵاتیە پاش کۆتایی لێپرسینەوەیان بۆ زیندانیی نەغەدە گواسترابوونەوە.

