
لەگەڵ تێپەڕبوونی ٣٢ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی «سوبحان عەزیزی» و «ئومێد خورشیدی»، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەقز، هێشتا هیچ زانیارییەک دەربارەی شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستییان لەبەردەستدا نییە و ئەم دوو کەسە لە دۆخێکی نادیاردا دەژین.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەکان بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییە و دەستبەسەریان کردوون. ئەم کەسانە دوای دەستبەسەرکردن بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا لە بێدەنگی و بێسەروشوێنیی تەواودا ڕاگیراون.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، سوبحان عەزیزی و ئومێد خورشیدی لەم ماوەیەدا لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و هەروەها دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون، کە ئەمەش نیگەرانییەکانی دەربارەی سەلامەتی و دۆخی ڕاگرتنیان زیاتر کردووە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی دەربارەی هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە لەوانەیە ئاراستەی ئەم دوو هاووڵاتییە کرابن، بڵاو نەکراوەتەوە.

