پاسەوانێکی تەمەن ٦٨ ساڵ لە شاری کرماشان بەهۆی هەڵدانی کەرەستە لەلایەن هێزەکانی لێکۆڵینەوەی شارەوانی، گیانی بەختکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەیانی ڕۆژی هەینی ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤، لە ئامادەبوونی هێزەکانی لێکۆڵینەوەی (پۆلیسی بینا) شارەوانی ناوچەی پێنجی شاری کرماشان لە بینایەکی ناو شار، پاسەوانێکی تەمەن ٦٨ ساڵ بە ناوی «عەلی غوڵامی» گیانی لەدەستدا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی لێکۆڵینەوەی شارەوانی بۆ بەرخورد لەگەڵ سەرپێچییەکانی بیناسازی بۆ ئەم موڵکە هاتبوون. بەهۆی دروستبوونی پشێوی لە نێوان هێزەکانی لێکۆڵینەوە و خاوەنی بیناکە لەسەر بابەتی دروستکردن و بنیاتنان، بەشێک کەرەستە لە قاتی چواری بیناکە لەلایەن هێزەکانی ڕژیم فڕێدراونەتە خوارەوە و بەهۆی بەرخوردی ئەم کەرەستانە لەگەڵ پاسەوانی بیناکە، لەوێدا گیانی بەختکرد.
شایانی باسە؛ لە ساڵی ١٤٠٣، لانیکەم ٢٠٤٢ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کار گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم ١٦١١٣ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کار برینداربوون.
ئێران لە بواری ئەمنییەتی کار لەنێو وڵاتانی جیهاندا پلەی ١٠٢ی هەیە کە پلەیەکی زۆر لەخوارەوەیە.

