محەممەدڕەزا (تیام) کیانیمەنش، گەنجێکی ١٨ ساڵەی خەڵکی شاری کرماشان، یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانە کە لە کاتی سەرکوتکردنی سەرشەقامدا گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، محەممەدڕەزا (تیام) کیانیمەنش، گەنجێکی ١٨ ساڵەی خەڵکی کرماشان، لە گەڕەکی «گولستان»ی سەر بە شاری کرماشان کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی هێزەکانی رژیم و بە پێکانی بە گوللە لە «دڵ»یدا گیانی لەدەست دا.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، خێزانی ئەم گەنجە لە ڕۆژەکانی سەرەتای دوای ونبوونی ناوبراودا، وایاندەزانی کە کوڕەکەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. بەڵام دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک، تەرمی بێگیانی محەممەدڕەزا ڕادەستی خێزانەکەی کرایەوە.
تەرمی ئەم گیانبەختکردووەی نارەزایەتییە جەماوەرییەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە شاری کرماشان و لەژێر بارودۆخێکی ئەمنیدا بە خاک سپێردرا. لە بارودۆخە هاوشێوەکاندا، خێزانەکانی گیاببەختکردووان ڕووبەڕووی سنووردارکردن و فشارەکانی دامەزراوە ئەمنییەکان بوونەتەوە لە پرۆسەی ڕادەستکردنی تەرم و بەڕێوەبردنی مەراسمی بەخاکسپاردندا.

