
ئامانج محەممەدپوور، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی بۆکان، لەدوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. هێزەکانی ڕژێم هەروەها دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلەکانی کەسی و ئەلکترۆنی ئەودا گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٥، ئامانج محەممەدپوور، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنیی تەمەن ٣٣ ساڵی خەڵکی بۆکان، لە کاتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی دەستبەسەر کرا.
بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی ڕژێم بەبێ بڕیاری دادگا و بە توندوتیژی چوونەتە ناو ماڵی ئەم ڕۆژنامەنووسە و دوای پشکنینی شوێنەکە، دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.
لەم هێرشەدا، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستیان بەسەر لاپتۆپێک و مۆبایلی ئامانج محەممەدپووردا گرتووە و لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئامانج محەممەدپوور زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی، هیچ زانیارییەک بڵاونەکراوە. بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە دۆخ و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو، تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

