«تەیبە ڕەزایی»، هاوڵاتی خەڵکی کرماشان و دایکی دوو منداڵی بچووک، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم شارە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، «تەیبە ڕەزایی» هاوڵاتی خەڵکی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی هێزەکانی ڕژیمی ئێران گیانی بەختکرد. بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، ئەم هاوڵاتییە ئێوارەی پێنجشەممە لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی کرماشان و لە شارۆچکەی «مامۆستا» کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی هێزەکانی ڕژیمی ئێران و گیانی لەدەستداوە. ناوبراو لەبەر چاوی منداڵەکەی گیانی بەختکرد.
تەیبە ڕەزایی، کوڕی محەممەدعەلی، سەرپەرشتی دوو منداڵی بچووکی ٩ و ١٣ ساڵە بە ناوەکانی «سورنا» و «سامیار» بووە و تەرمی ناوبراو لە ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٤ بەخاک سپێردراوە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، هێشتا ڕوون نییە کە بۆ ڕادەستکردنی تەرمی ئەم گیانبەختکردووە پارە لە بنەماڵەکەی وەرگیراوە یان ناچار بوون بەڵێننامەیەکی نووسراو واژۆ بکەن. پێشتر سەرچاوە ناوخۆییەکان بە کۆڵبەرنیوزیان ڕایانگەیاندبوو کە ناوەندەکانی ڕژیم بۆ ڕادەستکردنی تەرمی گیانبەختکردووانی کرماشان، لەنێوان ٧٠٠ ملیۆن تا یەک ملیارد تمەن لە بنەماڵەکان وەرگیراون و بنەماڵەکان بۆ ڕادەستکردنی تەرمەکانیان ناچارن ئەم پارەیە بدەن.

