سەلاسی باوەجانی؛ گیانلەدەستدانی کۆڵبەرێک بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

«محەمەدسدیق ئەولی»، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە نەواری سنووری سەلاسی باوەجانی گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ١ی رەزبەری ١٤٠٥، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە نەواری سنووری سەلاسی باوەجانی تەقەیان بەرەو گروپێک لە کۆڵبەران کرد کە لە ئەنجامی ئەوەدا کۆڵبەرێک گیانی لەدەستدا. ناسنامەی کۆڵبەرە کوژراوەکە، «محەمەدسدیق ئەولی»، خەڵکی گوندی «ئەنجیر بوس»ی سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی، بۆ کۆڵبەرنیوز پشتراست کراوەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی هەنگی مەرزی بە بەکارهێنانی چەکی جەنگی، ئەم کۆڵبەرەیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامی ئەم تەقەکردنەدا، ناوبراو گیانی لەدەستداوە.

شایانی باسە کە ئەم کۆڵبەرە خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە.

بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، لە ساڵی ١٤٠٤ هەتاویدا، بە کۆی گشتی ٥٧ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردووی، کەوتنەسەر مین, کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزییەکان و حاڵەتەکانی تر کوژراون و برینداربوون. لەم ژمارەیە، بەگشتی ٢٦ کۆڵبەر واتا (٤٦٪) کوژراون و ٣١ کۆڵبەر واتا (٥٤٪) برینداربوون.
لە کۆی گشتی ٥٧ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٤ دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ٤٤ حاڵەت واتا (٧٧٪) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٥٧ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٤دا کوژراون و برینداربوون، بە گشتی ٢ کەسیان واتا (٤٪) منداڵانی کۆڵبەری خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی عێراق (حرس الحدود) گیانی لەدەستداوە.

سەرەڕای کەمبوونەوەی ٦٩ لەسەدی کۆی گشتی کوژراو و برینداران لە ساڵی ١٤٠٤ بەراورد بە ساڵی ١٤٠٣، ڕێژەی کوژراوان لە کۆی گشتی زیانەکان لە ٢٨ لەسەدییەوە بۆ ٤٦ لەسەدی زیادی کردووە. ئەم گۆڕانکارییە نیشاندەری زیادبوونێکی بەرچاوە لە بەشی کوژراوان لە کۆی گشتی زیانەکاندا و ئاماژەیە بۆ کوشندەتربوونی ڕووداوەکان لە ساڵی ١٤٠٤دا.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بانە؛ دەستبەسەرکردنی ئازاد ڕەحمەتی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات

چ سپتامبر 23 , 2026
ئازاد ڕەحمەتی، چالاکوانی مەدەنی خەڵکی بانە، دوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕەزبەری ١٤٠٥، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە چوونە سەر ماڵی بنەماڵەی ئازاد ڕەحمەتی لە بانە، ئەم چالاکوانە مەدەنییەیان بەبێ بڕیاری دادگا دەستبەسەر کرد. […]

بابەتی پەیوەندیدار