
سزای سێدارەی “ناسر بەکرزادە” زیندانیی سیاسیی کورد و “یەعقوب کەریمپوور” هاووڵاتیی خەڵکی میاندواو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بە شێوەیەکی نهێنی جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ١٢ی گوڵانی ١٤٠٥، ناسر بەکرزادە تەمەن ٢٦ ساڵان و یەعقوب کەریمپوور کە پێشتر بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە دران. ئاژانسی حکومەتیی “مێهر”یش جێبەجێکردنی ئەم سزایانەی پشتڕاست کردووەتەوە.
ئەم دوو زیندانییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی گوڵان، لەژێر ڕێوشوێنی توندی ئەمنیدا لە بەندەکانیان برانە دەرەوە و بە بیانووی “ناردن بۆ پزیشکی داد” و “چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی جێبەجێکردنی سزاکان” بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوونەوە. هاوکات ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە ئەگەری جێبەجێکردنی خێرای سزاکانیان بڵاو کرابووەوە.
ناسر بەکرزادە: زیندانیی سیاسیی کورد و خەڵکی ورمێ، لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابەوە بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو. سزاکەی لە پرۆسەیەکی خێرادا چەندین جار لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرابووەوە و لە ٥ی گوڵان پێی ڕاگەیەندرا بوو. ڕاپۆرتەکان دەڵێن کە ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لە زیندانیی “ئەلمەهدی” لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا بووە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ.
یەعقوب کەریمپوور: دەرچووی بەشی یاسای گشتی، هاووڵاتیی تورک و پەیڕەوی ئایینی یارسان، لە کاتی تێکهەڵچوونەکانی پەیوەندیدار بە شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی “افساد فیالارض” (تێکدانی دۆخ) لە ڕێگەی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” سزای سێدارەی بۆ دەرچوو و لە دیوانی باڵاش پەسەند کرا. لە کاتی لێپێچینەوەکاندا، هێزەکانی ڕژیم بۆ گوشار خستنە سەری، هاوسەرەکەشیان بە ناوی “سەبوورا لوتفی”یان دەستبەسەر کردبوو.
جێبەجێکردنی ئەم سزایانە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان باس لە هەبوونی ناڕوونیی جدی لە پرۆسەی دادگاییکردن و تۆمەتەکان دەکەن، هەروەها بابەتی وەرگرتنی دانپێدانان لەژێر گوشاردا لە ئارادایە.
لەلایەکی دیکەوە، نیگەرانییەکان لەبارەی چارەنووسی “میحراب عەبدوڵڵازادە” کە هاوکات لەگەڵ ئەم دوو زیندانییە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە، زیادی کردووە و مەترسی ئەوە هەیە کە ئەویش لەژێر هەڕەشەی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەدا بێت.

