
نوێترین هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە دانوستانەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا، باس لە دەرکەوتنی ئاسۆیەک دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. ئەوەی کە ئایا ئەم ڕێککەوتنە لە کۆتاییدا واژۆ دەکرێت یان نا، هێشتا ڕوون نییە و دەبێت چاوەڕوان بین. بەڵام جیا لە چارەنووسی ئەم دانوستانانە، ڕاستییەک لە ئێستاوە حاشانەهەڵگرە، ئەویش ئەوەیە کە ڕێککەوتنەکە نە سروشتی ئەم ڕژێمە دەگۆڕێت و نە گۆڕانکارییەک لە ژیانی خەڵکدا دروست دەکات، مەگەر ئەوەی لە خوارەوە و لە ناو قووڵایی کۆمەڵگەوە هێزێکی کۆمەڵایەتی سەر هەڵبدات بۆ گۆڕینی هاوسەنگییەکە.
واقیعییەت ئەوەیە کە شەڕی چل ڕۆژە نەک هەر نەبووە هۆی لاوازبوونی دەزگای سەرکوت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، بوو بە هۆکارێک بۆ چڕکردنەوەی هەرچی زیاتری دەسەڵات لە دەستی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکاندا. نیشانەکانی ئەم ڕاستییە ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێک بەرچاو دەکەوێت، پەرەسەندنی دەستبەسەرکردنەکان، بەرزبوونەوەی ژمارەی لەسێدارەدانەکان، زاڵبوونی کەشوهەوای پۆلیسی و ئامادەیی بەرچاوتری دەزگا ئەمنییەکان لە هەموو کایەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، لە زومرەی نیشانەکانی ئەم دۆخەن.
تەنانەت ئەگەر ڕێککەوتنێکیش لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکادا بێتەئاراوە، ئەم ڕەوتە نەک هەر ناوەستێت، بەڵکوو بە ئەگەرێکی زۆر بە متمانەبەخۆبوونێکی زیاترەوە بەردەوام دەبێت. بۆچی؟ چونکە بۆ ئەم حکوومەتە، سەرکوت پێویستییەکە بۆ مانەوە. کۆماری ئیسلامی نە بە ڕەزامەندیی خەڵک، نە بە کارامەیی ئابووری و نە بە مەشروعییەتی سیاسی حوکمڕانی دەکات، بەڵکوو کۆڵەکەی سەرەکیی مانەوەی، بریتییە لە زاڵکردن و پەرەپێدانی ترس و تۆقاندن و سەپاندنی بێدەنگیی. ڕژێمێکی کە لە بواری ئابووریدا شکستی هێناوە، لە سیاسەتدا گۆشەگیر بووە و لە کۆمەڵگەدا لەگەڵ قەیرانی قووڵی مەشروعییەت بەرەوڕووە، ناچارە بۆ درێژەدان بە ژیان و مانەوەی خۆی، پەنا بباتە بەر سەرکوتی هەرچی زیاتر.
بەڵام ئەمە هەموو چیرۆکەکە نییە. ڕاستییەکی دیکە ئەوەیە کە ترس، ئەگەرچی دەتوانێت کۆمەڵگە بۆ ماوەیەکی کاتیی ناچار بە پاشەکشە بکات، بەڵام ناتوانێت بۆ هەمیشە کپ و بێدەنگی بکات. ویست و داواکارییە کەڵەکەبووەکانی خەڵک، بەرهەمی ساڵێک یان دوو ساڵ نین، بەڵکوو بەرهەمی دەیان ساڵ هەژاری، سووکایەتی، بێمافی، گەندەڵی، هەڵاواردن، دژایەتیی ژنان، سەرکوتی سیاسی و تاڵانکردنی سیستماتیکی ژیانی زۆرینەی کۆمەڵگەیە. ئەم داواکارییانە بە دەستبەسەرکردن و لەسێدارەدان کۆتاییان نایەت. بە پێچەوانەوە، لە زۆر حاڵەتدا سەرکوت دەبێتە هۆکارێک بۆ پەرەسەندنی هەرچی زیاتری نەفرەت و بێزاریی کۆمەڵایەتی، ڕادیکاڵتربوونی ویست و داواکارییەکان و بەرفراوانتربوونی بازنەی نەڕەزایەتییەکان.
کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات بە ترس حوکمڕانی بکات. زیندان، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان، کەشوهەوای پۆلیسی و هەڕەشەی بەردەوام، لە زومرەی ئامرازە سەرەکییەکانی ئەم حوکوومەتەن بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە. بەڵام کۆمەڵگەش لەم ساڵانەدا دەستەوستان دانەنیشتووە. لە ناو جەرگەی ئەم گوشار و سەرکوتەوە، ڕەوتی فێربوون، کەڵەکەبوونی ئەزموون و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی شێوازەکانی خەبات لە خوارەوە لە حاڵی شکڵگرتندایە. ئەزموونی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان، خەباتی ژنان، خۆڕاگریی گەنجان، بزووتنەوەی خانەنشینان، موعەلیمان و پەرستاران و هەروەها ئاخێزە سەرتاسەرییەکان، سەرجەم سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە کۆمەڵگەی ئێران بە ئاسانی تەسلیمی ئەم نەزم و دیسپلینە سەپێنراوە نابێت.
هەر شەپۆلێکی سەرکوت، ئەگەرچی تێچووی قورسی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە، بەڵام هاوکات بووەتە هۆی بەدەستهێنانی ئەزموونی زیاتر. کۆمەڵگە فێربووە کە چۆن لە ناو دڵی شکستە کاتییەکانەوە دەرفەتی نوێ بخوڵقێنێت، چۆن شێوازی نوێی دەربڕینی ناسنامەی بەکۆمەڵ تاقی بکاتەوە و چۆن لە نێوان پێویستیی خەبات و پێویستیی پاراستنی هێزەکاندا هاوسەنگی ڕابگرێت. ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە ڕژێم لێی دەترسێت، کۆمەڵگەیەکی کە تەنیا تووڕە و بێزار نییە، بەڵکوو لە حاڵی فێربوون و خۆڕێکخستنیشدایە.
کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان، گەنجان و سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی ستەملێکراوی ئێران بە ئەزموون بۆیان دەرکەوتووە کە ئەم ڕژێمە نە توانای چارەسەرکردنی قەیرانەکانی کۆمەڵگەی هەیە و نە ئیرادەیەکی تێدایە بۆ وەڵامدانەوە بە ویست و داواکارییەکانی خەڵک. پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای سەرکوت، گەندەڵی، ڕانت، دزیی ڕێکخراو، نیزامیگەری و تاڵانکردنی سەرچاوە گشتییەکان بونیاد نراوە.
سەرەڕای هەموو ئەمانەش، ئەمە بە واتای وەلانانی خەبات لەپێناو ویست و داواکارییە دەستبەجێ و هەنووکەییەکان نییە. بە پێچەوانەوە، ڕێک لەم مەیدانەدایە کە کۆمەڵگە خۆی سەرلەنوێ بونیاد دەنێتەوە.
خەبات لەپێناو حەقدەست، ئەمنییەتی پیشەیی، مافی ڕێکخراوبوون، نەهێشتنی هەڵاواردن، مافی خوێندن، مافی ژیان، ئازادیی زیندانیانی سیاسی، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ لەسێدارەدان و هیتر…، بەشێکی دانەبڕاون لە ڕێڕەوێکی گەورەتر کە بریتییە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تەواوەتی ئەم سیستمە. کۆمەڵگە لە ڕەوتی ئەم خەباتە بەردەوامەیاندا فێر دەبێت کە چۆن پێشڕەویی بکات، چۆن پاشەکشەی تاکتیکی بکات، چۆن تێچووەکان کەم بکاتەوە و چۆن شێوازی کاریگەرتر و کەمتێچووتر لە خۆڕاگریی و گوشاری کۆمەڵایەتی بدۆزێتەوە. ئەم فێربوونە بەکۆمەڵە، لەسەرەخۆ و پڕتێچووە، بەڵام یەکێک دەبێت لە دیاریکەرترین هۆکارەکان لە داهاتووی گۆڕانکارییەکانی ئێراندا.
ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانێکی گەورەی ناوخۆیی ئامادە دەکات. ئەم قەیرانە لە دەرەوە بەسەریدا نەسەپێنراوە، بەڵکوو لە ناو ناخی کۆمەڵگەوە، لە ناو دڵی ناڕەزایەتییە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانەوە، لە ناو دڵی درز و کەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵات و هەروەها لە ناو دڵی بنبەستی مێژوویی ئەم ڕژێمەوە سەر هەڵدەدات. هەڵاوسان، بێکاری، داڕمانی ئاستی بژێوی، لەناوچوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، هەڵاواردنی دامەزراوەیی، بێ ئاسۆیی نەوەی گەنج و بنبەستی سیاسی بەتەواو مانا، هەموویان دەستەچیلەی ئاگری ئەم قەیرانەن. لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، وەڵامی ڕژێم تەنیا سەرکوتی زیاترە. بەڵام لە لایەکی دیکەوە، کۆمەڵگەیەک وەستاوە کە نەک هەر ئەزموونی بەدەستهێناوە، بەڵکوو لە حاڵی دۆزینەوەی ڕێگای نوێدایە بۆ بەردەوامبوونی خەبات. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە، ململانێی نێوان حکوومەتێکی لاواز و کۆمەڵگەیەکی زیندووە.
لە بەرامبەر دۆخێکی لەو شێوەیەدا، بەرپرسیارێتیی سەرجەم هەڵسووڕاوانی سۆسیالیست و هەموو ئەو مرۆڤانەی کە خەمخۆر و نیگەرانی چارەنووسی ئەم کۆمەڵگەیەن، ڕوون و ئاشکرایە. دەبێت وێنەیەکی ڕوونتر لە ڕەوتە ڕاستەقینەکان بخرێتە ڕوو. دەبێت ئەزموونی خەباتەکانی ڕابردوو کۆبەندی بکرێت و بگوازرێتەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە هەموو جارێک ناچار نەبێت بە تێچوویەکی نوێ، وانەکانی ڕابردوو سەرلەنوێ فێربێتەوە. دەبێت بیر لە شێوازی داهێنەرانە، گونجاو و ڕیشەداری خۆڕێکخستن و هاوپشتی بکرێتەوە، بەو شێوازانەی کە هەم لە ژیانی ڕاستەقینەی خەڵکدا ڕیشەیان هەبێت و هەم لە بەرامبەر گورزە ئەمنییەکاندا خۆڕاگرتر بن. هەروەها پێویستە تا ئەو جێگایەی کە ئیمکانی هەیە، بە دەستپێشخەریی کۆمەڵایەتی، هاوپشتی و یەکگرتوویی لە خوارەوە و ماندووکردنی دام و دەزگای سەرکوت، تێچووی گۆڕانکاری بۆ کۆمەڵگە کەمتر و تێچووی سەرکوت بۆ حکوومەت بەرز بکرێتەوە.
ئەوەی هیچ گومانی تێدا نییە ئەوەیە کە سیاسەتی ترس و تۆقاندن و کوشتار، ئەگەرچی لەوانەیە بۆ ماوەیەک کات بەدەست بهێنێت، بەڵام ناتوانێت چارەنووسی حەتمی و مسۆگەری کۆماری ئیسلامی بگۆڕێت. ئەم ڕژێمە لەوانەیە بە لەسێدارەدان و زیندان، بۆ ماوەیەک تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، بەڵام ناتوانێت بەسەر ئەو کێشە و دژوازییە قووڵانەدا زاڵ بێت کە خۆی خوڵقاندوونی.

