سەلاسی باوەجانی؛ بەردەوامبوونی چارەسەری پزیشکی و ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ فاروق مەحموودی، دوو هەفتە دوای تەقەی هێزەکانی ڕژیم

فاروق مەحموودی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «شێخ سڵە» سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی، لەگەڵ تێپەڕبوونی دوو هەفتە دوای بریندارکردنی لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لە بازاڕچەی سنووریی شێخ سڵە، هێشتا بەهۆی قورسیی برینەکانی بەهۆی گوللەی جەنگی لە نەخۆشخانەی جوانڕۆ خەوێندراوە و پرۆسەی چارەسەری و نەشتەرگەرییەکانی بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز لە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی گوڵانی ١٤٠٥، فاروق مەحموودی، کوڕی سەید کەریم و دانیشتووی گوندی شێخ سڵە، لە سنووری بازاڕچەی سنووریی ئەم ناوچەیە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم و بێ ڕاگەیاندنی هۆکارێکی دیاریکراو، بە توندی بریندار بوو. بەپێی زانیارییە دەستکەوتووەکان، ناوبراو لە کاتی گواستنەوەی بۆ ناوەندی تەندروستی تا ئێستا چەند قۆناغێک خراوەتە ژێر چاودێریی پزیشکی و نەشتەرگەری و هێشتا لە نەخۆشخانەی جوانڕۆ لەژێر چارەسەردایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند کە دۆخی جەستەیی ئەم هاووڵاتییە بەهۆی قورسیی برینەکانی لە تەقەی ڕاستەوخۆ، هێشتا پێویستی بە چاودێریی بەردەوامی پزیشکی هەیە و پرۆسەی چاکبوونەوەی بە سستی بەڕێوە دەچێت.

بازاڕچەی سنووریی شێخ سڵە لە پارێزگای کرماشان و لە نزیک سنووری عێراق هەڵکەوتووە و یەکێک لە دەروازە فەرمییەکانی بازرگانیی سنوورییە کە لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوییەوە چالاکییەکانی دەستپێکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان هێشتا لە ڕێگەی کرێکاری و کۆڵبەرییەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن. ناوچە سنوورییەکانی کوردستانیش لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی دۆخی ئەمنیی زاڵ و ئامادەبوونی بەربڵاوی هێزەکانی ڕژیم، هەمیشە لەژێر مەترسیی تەقەی ڕاستەوخۆ و هەڕەشەی گیانیدا بوون بۆ سەر سنوورنشینان.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی “کۆڵبەرنیوز”، لە ساڵی ١٤٠٤، بەگشتی ٥٧ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کوردستان و کرماشان، بەهۆی هۆکارگەلێکی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم، ڕەهێڵە و سەرماڕەقبوونەوە، چوونە سەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و هۆکارەکانی دیکە، کوژراون و بریندار بوون. لەم ڕێژەیە ٢٦ کۆڵبەر (٤٦٪) کوژراون و ٣١ کۆڵبەر (٥٤٪) بریندار بوون.
لە کۆی ئەو ٥٧ کۆڵبەرەی لە ساڵی ١٤٠٤دا کوژراون و بریندار بوون، بەگشتی ٤٤ کۆڵبەر (٧٧٪) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم بووە. هەروەها لەم ژمارەیە، ٢ کۆڵبەر (٤٪) منداڵ کۆڵبەری تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بوون، کە حاڵەتێکیان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بووە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو منداڵ کۆڵبەرە.
سەرەڕای کەمبوونەوەی ٦٩٪ی کۆی گشتیی کوژراوان و برینداران لە ساڵی ١٤٠٤دا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٤٠٣، ڕێژەی کوژراوەکان بۆ کۆی گشتیی قوربانییان لە ٢٨٪ەوە بۆ ٤٦٪ زیادی کردووە. ئەم گۆڕانکارییە نیشاندەری بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە لە پشکی کوژراوەکان لە کۆی گشتیی قوربانییان و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕووداوەکان لە ساڵی ١٤٠٤دا کوشندەتر بوونەتەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

دام و دەزگای سەرکوت و کۆمەڵگەیەکی کە تەسلیم نابێت

د مه 25 , 2026
نوێترین هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە دانوستانەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا، باس لە دەرکەوتنی ئاسۆیەک دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. ئەوەی کە ئایا ئەم ڕێککەوتنە لە کۆتاییدا واژۆ دەکرێت یان نا، هێشتا ڕوون نییە و دەبێت چاوەڕوان بین. بەڵام جیا لە چارەنووسی ئەم دانوستانانە، ڕاستییەک لە ئێستاوە حاشانەهەڵگرە، ئەویش ئەوەیە کە […]

بابەتی پەیوەندیدار