
یونس بەکری، یاسر هەواسی و ڕووحەڵڵا غوڵامی، سێ گەنجی خەڵکی ئاسمانئاوای سەر بە شاری چەرداوڵ لە پارێزگای ئیلام، بەبێ بڕیاری دادگا لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە دووی خەرمانانی ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژێم بە سەردانیکردنی شوێنی ئامادەبوونی ئەم سێ هاووڵاتییە، بەبێ بڕیاری دادگا دەستبەسەریان کردن و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردنی یونس بەکری، یاسر هەواسی و ڕووحەڵڵا غوڵامی زانیارییەکی ورد بڵاو نەکراوە و دەزگای ئەمنیی هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەم بارەیەوە نەداوە. هەروەها زانیاری لەسەر دۆخ و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەردەستدا نییە و ڕاپۆرتەکان دەڵێن کە ئەم کەسانە لە مافی پارێزەر و پەیوەندی و دیدار لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.
ئەم دەستبەسەرکردنانە لە کاتێکدا ڕوویان داوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەڵوێستی ئەمنیی بەرامبەر هاووڵاتیانی ئاسمانئاوا زیادی کردووە. پێشتریش ئەمین ناسری، گۆرانیبێژی خەڵکی ئەم شارە، لە کاتی هەوڵی هێزەکانی ڕژێم بۆ دەستبەسەرکردنی، بە تەقەی ڕاستەوخۆ قاچی بریندار کرا و پاشان دەستبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزەکانی ڕژێم ڕۆژی یەکی خەرمانان، بە ئامادەبوونی دەیان ئۆتۆمبێل و کەسی چەکدار بۆ دەستبەسەرکردنی ئەمین ناسری ڕۆشتن و لە کاتی ئەم ئۆپەرسیۆنەدا تەقەیان لێ کرد کە لە ئەنجامدا دوو فیشەک بەر قاچی کەوت.

