سروک ئەبولقاسمی، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی شاخەوانی «ئارێز» لە سنە، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی شەممە ٦ بەفرانباری ١٤٠٤، سروک ئەبولقاسمی، شاخەوان و چالاکوانیی ژینگەیی خەڵکی سنە لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا. ئەم دەستبەسەرییە بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئیتلاعات بۆ ماڵەکەی ناوبراو و بەبێ بڕیاری دادوەر بووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دەستبەسەریی ئەم هاوڵاتییە بەهۆی بەشداری ناوبراو لە کەمپینی فراوانی چاندنی نەمامی بەلوت بە ناوی «زاگرۆسانە» بووە. ئەم کەمپینە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە قەڵای حەسەن ئاوای سنە بەڕێوەچووبوو.
تاکاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، شوێنی زیندانیی و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتییە نادیارە.

