
«کامران ڕەسووڵنژاد»، گەنجێکی تەمەن ۱۹ ساڵەی خەڵکی گوندی «نەستان»ی سەر بە شاری سەردەشت، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ۸ی گوڵانی ١٤٠٥، کامران ڕەسووڵنژاد لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ڕژیم و بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە حوکمێکی دادوەری دەستبەسەر کراوە.
بەپێی ئەو زانیارییە بەدەستهاتووەکان، تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ناوەندەکانی ڕژیم لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتەکانی دژی و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە وەڵام نادەنەوە. هەروەها ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و بینینی بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

