ورمێ؛ گواستنەوەی لە ناکاوی سێ زیندانیی سزادراو بە سێدارە و زیادبوونی نیگەرانییەکان دەربارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکان

«ناسر بەکرزادە، یەعقوب کەریمپوور و مەحراب عەبدوڵڵازادە»، سێ زیندانیی مەحکوم بە سێدارە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، بە شێوەیەکی لەناکاو و بە جیا بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و ئەم دۆخە نیگەرانییەکانی دەربارەی ئەگەری نزیکی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانیانی زیاتر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی گوڵانی ١٤٠٥، ناسر بەکرزادە، زیندانیی سیاسیی کورد، دوای بانگهێشتکرانی بۆ ئۆفیسی جێبەجێکردنی سزاکان، لە زیندانەوە دەرچووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. هاوکات، یەعقووب کەریمپوور، هاووڵاتیی تورک و پەیرەوی ئایینی یارسان خەڵکی میاندواو، بە بیانووی ناردن بۆ پزیشکی یاسایی لە زیندان دەرچووە، و مەحراب عەبدوڵڵازادەش کە لە دوو ڕۆژ لەمەوبەرەوە لە بەندی تاکە کەسی دەمایەوە، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ یەکێک لەم سێ زیندانییە بۆ بەندەکانی خۆیان لە زیندان نەگەڕاونەتەوە.

بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، ئەم گواستنەوانە بە کارهێنانی ئۆتۆمبێلی نا ئاسایی و بە بیانووی ناڕوونەوە ئەنجام دراون و هەر ئەمەش ئەگەری جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانەکانی بە شێوەیەکی جدی زیاتر کردووە.

ناسر بەکرزادە، زیندانیی سیاسیی ٢٦ ساڵەی کورد و خەڵکی شاری ورمێ، لەلایەن لقی دووەمی دادگای ئینقلابەوە بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە. سزای لە سێدارەدانەکەی بە پرۆسەیەکی بەپەلە و لە ماوەیەکی کورتدا بۆ سێیەمین جار لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاستکراوەتەوە و ٥ی گوڵان بە ناوبراو ڕادەگەیەندرا. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا لە گرتووخانەی «ئەلمەهدی» خراوەتە ژێر ئازار و ئەشکەنجە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و لە زیندانیش ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

یەعقوب کەریمپوور، دەرچووی بەشی یاسای گشتی و خەڵکی میاندواو، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی «افساد فی الارض» لە ڕێگەی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە. سزای سێدارەکەی مانگی ڕابردوو لە لقی نۆیەمی دیوانی باڵا پشتڕاستکراوەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا خراوەتە ژێر ئازار و ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێ، و هاوسەرەکەشی «سەبوورا لوتفی»، بۆ هێنانی فشاری زیاتر بۆ سەر ناوبراو دەستبەسەر کرابوو. ئەم هاووڵاتییە لە کاتی شەڕی دوایی ئێران و ئیسرائیل دەستبەسەر کراوە.

مەحراب عەبدوڵڵازادە، هاووڵاتیی کوردی ٢٧ ساڵەی خەڵکی شاری ورمێ و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «شۆڕشی ژینا»، بە تۆمەتی «بەغی» لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەرداسەپێنراوە. داواکاری جێبەجێنەکردنی سزاکەی لەماوەی رابردوودا لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵا ڕەتکراوەتەوە. ناوبراو پێش گواستنەوەی، بەهۆی کێشەی لەفزی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی زیندان، بەفەرمانی بەرێوەبەرانی زیندان لە بەندی تاکەکەسی راگیرابوو.

دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک لە گواستنەوەی ئەم سێ زیندانییە، دامەزراوە بەرپرسەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان دەربارەی دۆخی ئێستا، شوێنی مانەوە و کاتی جێبەجێکردنی سزاکام نەداوە و ئەم بابەتە نیگەرانییەکی زۆری لەناو خێزانەکان و ڕای گشتیدا دروست کردووە.​​​​​​​​​​​​​​​​

کۆڵبەرنیوز

Next Post

نەغەدە؛ بەردەوامی بێئاگایی لە چارەنووسی مامەند خودادادی دوای هەفتەیەک لە دەستبەسەرکران

پ آوریل 30 , 2026
«مامەند خودادادی»، هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر کاتی دەستبەسەرکرانیدا، هێشتا لە دۆخێکی نادیاردا دەژیت و هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە سەرەتای گوڵانی ١٤٠٥، مامەند خودادادی لەلایەن هێزەکانی ڕژیم و بەبێ نیشاندانی هیچ بڕیارێکی دادوەری دەستبەسەرکرا. لەو کاتەوە تا […]

بابەتی پەیوەندیدار