«عەرشیا عیسازادە»، هاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی بوجنوورد، بە تێپەڕبوونی ٢٩ ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی، هێشتا لە دۆخێکی بێ ئاگایی تەواودا بەسەردەبات و هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگرتن و دۆخی جەستەیی و یاسایی ناوبراوەوە لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی هەینی، ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، عەرشیا عیسازادە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بوونی بڕیاری دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا، دامەزراوە ئەمنییەکان لە ڕاگەیاندنی هەر ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی دەربارەی شوێنی ڕاگرتن و دۆخی ئەم هاوڵاتییە کوردە خۆیان پاراستووە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، بنەماڵەی عەرشیا عیسازادە لەم ماوەیەدا بەدواداچوونی بەردەوامیان بۆ زانینی چارەنووسی ناوراو ئەنجامداوە، بەڵام هیچ وەڵامێکی ڕوونیان لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوو وەرنەگرتووە و ئەمەش نیگەرانییەکانی ئەوانی دەربارەی دۆخی گیانی و چارەنووسی ناوبراو زیاتر کردووە.
ئەم هاوڵاتییە لە درێژەی ٢٩ ڕۆژی دەستبەسەرکرانیدا، بە تەواوی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و دیدار لەگەڵ بنەماڵە بێبەش کراوە و بەردەوامی ئەم دۆخە، نیگەرانییە جدییەکانی دەربارەی ئەگەری بەکارهێنانی فشار، خراپ مامەڵەکردن و پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی ناوبراو زیاتر کردووە.

