«سیروس حەربگین»، هاوڵاتی پەیڕەوی ئایینی یارسان، خەڵکی قەسرشیرین و باوکی دوو منداڵ، ناسنامەی یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی پارێزگای کرماشانە کە لە کاتی سەرکوتی سەرشەقامدا گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ بەفرانباری ١٤٠٤، سیروس حەربگین لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانیی ناوچەی ئێلاهیەی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم و بە گوللەی جەنگی و پێکانی «سەر»ی، کوژرا. ئەم هاوڵاتییە گیانبەختکردووە خاوەنیی دووکانێکی گوڵفرۆشیی لە ناوچەی ئێلاهیە بوو.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، تەرمی سیروس حەربگین ڕۆژی شەممە ٢٠ بەفرانبار، لە جەوێکی ئەمنییدا، لە زێدی هاوسەرەکەی و لە ئیمامزادەی باقر بێستوون بەخاکسپێردرا. مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی ئەم هاوڵاتییە گیانبەختکردووە بە ڕێگریکردن و چاودێری هێزەکانی ڕژیم بەڕێوەچوو.

