«پوریا بەهاری موستەعلی»، گەنجێکی ٢٩ ساڵە و خەڵکی کرماشان، ناسنامەی یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانە کە لە کاتی سەرکوتکردنی نارەزایانی سەرشەقامدا گیانی لەدەستدا.

بەپێی راپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، پوریا بەهاری موستەعلی لە گەڕەکی “حەکیمیە”ی تاران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کرایە ئامانج و بەهۆی پێکانی لە دڵ و چاویدا گیانی لەدەستدا. تەرمی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕۆژی ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و لە کۆتاییدا لە ڕۆژی ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ئارامگەی “باخی فیردەوس”ی کرماشان بەخاک سپێردرا.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، دامەزراوە ئەمنییەکان لە کاتی ڕادەستکردنی تەرمی ناوبراو، برای ئەم گیانبەختکردووەیان بۆ وەرگرتنی پەیمان بانگهێشت کردووە و لە هەمان کاتدا خێزانەکەیان خستووەتە ژێر فشارەوە تا پوریا بەهاری موستەعلی وەک “شەهیدی حکومەتی” بناسێنن؛ فشارێک کە بەرەوڕووی ڕەتکردنەوەی ڕوون و ئاشکرای خێزانەکەی بووەتەوە.
پوریا بەهاری موستەعلی دوایین ساڵرۆژی لەدایکبوونی خۆی لە ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ یادکردبۆوە و حەزی زۆری بۆ وەرزشی جەستەسازی هەبوو و چەندین وێنەی چالاکییە وەرزشییەکانی ناوبراو لەبەردەستدایە.

