
عەبدوڵڵا نەبیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «چیانە» سەر بە شاری پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٤ی گوڵانی ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژیم لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەیانیدا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی عەبدوڵڵا نەبیزادە و بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بڕیارێکی دادوەری و بە پەنابردنە بەر توندوتیژی، دەستبەسەریان کردووە و پاشان بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ئۆپراسیۆنە دەوروبەری کاتژمێر پێنجی بەیانی ئەنجام دراوە و هێزەکانی ڕژیم بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێکارە یاساییەکان ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەرکراوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی عەبدوڵڵا نەبیزادە لەبەر دەستدا نییە و ناوەندە پەیوەندیدارەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

