جەواد ئوستواری، ڕاهێنەر و پاڵەوانی پێشووی زۆرانبازی ئێران و ئاسیا خەڵکی شاری سونقور، بەبێ بڕیاری دادوەر لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنی نادیار گواسترایەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی دۆخ و چارەنووسی ناوبراوەوە لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی دووشەممە پازدەی بەفرانباری ١٤٠٤، جەواد ئوستواری، ڕاهێنەر و پاڵەوانی پێشووی زۆرانبازی خەڵکی سونقور سەر بە شاری کرماشان، بەبێ بڕیاری دادوەر و بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنی نادیار گواسترایەوە. تاکاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتەکانی دژی، شوێنی زیندانیکردن و دۆخی جەستەیی ئەم وەرزشکارە و ڕاهێنەری پێشووی زۆرانبازییە لەلایەن ناوەندەکانی ئەمنی و دادوەری کۆماری ئیسلامی ڕانەگەیەندراوە.
بەدواداچوونی بنەماڵە و کەسوکاری جەواد ئوستواری تا ئێستا بێئەنجام ماوەتەوە و ئەمەش نیگەرانی ئەوانی لەبارەی سەلامەتی و چارەنووسی ناوبراوەوە زیاتر کردووە.

