بە تێپەڕبوونی ٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی «ئایدا کوشکی»، هاوڵاتیی خەڵکی شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگرتن و دۆخی ناوبراو لەبەردەستدا نییە و چارەنووسی ئەم خوێندکار و مامۆستای زمانی ئینگلیسییە لە تاریکییەکی تەواودایە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئایدا کوشکی لە ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بوونی هیچ بڕیارێکی دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
لە کاتی دەستبەسەرکرانیەوە تا ئێستا، دامەزراوە ئەمنییەکان لە راگەیاندنی هەر ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لەبارەی دۆخی ئەم هاوڵاتییە خۆیان پاراستووە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، بنەماڵەی ئایدا کوشکی لەم ماوەیەدا لە هەر جۆرە پەیوەندییەک، چاوپێکەوتن یان وەرگرتنی هەواڵ لەبارەی دۆخی جەستەیی و یاسایی ناوبراوەوە بێبەش ماون و بەردەوامی ئەم بێهەواڵییە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە تەندروستی و چارەنووسی ناوبراو زیاتر کردووە.

