دەستبەسەرکردنەوەی شلێر مودیرزادە و ڕاشد ئیمامی، دوو هاوژینی هونەرمەندی خەڵکی پاوە

ڕاشد ئیمامی، هونەرمەند و ئەندازیاری ڕووپێوی تەمەن ٣٣ ساڵی خەڵکی پاوە، لەگەڵ شلێر مودیرزادەی هاوسەری، لە دوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات جارێکی دیکە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە. ئەم دوو هاوژینە پێشتریش لە کاتی خۆپێشاندانەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانی “ژینا”دا دەستبەسەرکرابوون.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، هێزەکانی ڕژێم ڕۆژی دووشەممە ١٥ی تەممووزی ١٤٠٥، بە چوونە ناو ماڵی تایبەتی ئەم دوو هاوژینە لە شاری پاوە، سەرەتا ڕاشد ئیمامییان دەستبەسەر کردووە و بەبێ سزای دادوەری بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

چەند کاتژمێرێک دوای ئەم دەستبەسەرکردنە، هێزەکانی ڕژێم جارێکی دیکە چوونەتەوە هەمان شوێن و ئەمجارەیان شلێر مودیرزادەیان بە توندوتیژی دەستبەسەر کردووە. دەستبەسەرکردنی هەردووکیان بەبێ بەڵگەنامەی دادوەری و بە گوشار و هەڵسوکەوتی ئەمنیدا ئەنجام دراوە.

تاکوو ئەم ساتە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵە و کەسوکاری ئەم دوو هاوژینە بۆ ئاگاداربوون لە دۆخیان، شوێنی ڕاگرتنیان و تۆمەتەکانی دژیان بێوەڵامە و هیچ دەزگایەکی فەرمیش ڕوونکردنەوەی لەم بارەیەوە نەداوە.

ڕاشد ئیمامی پێشتریش لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانی ژینادا لە سەرماوەزی ١٤٠١دا لەگەڵ براکەیدا دەستبەسەرکرابوو و پێشینەی دەستبەسەرکردنی ئەمنی لە دۆسێکەیدا هەیە.
لە ئێستادا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردنەوەی ئەم دوو هاووڵاتییە و دۆخی ڕاگرتنیان لەبەردەستدا نییە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

نۆیەمین کۆنگرەی جیهانیی هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە: دەنگی ویژدانی مرۆڤایەتی لە بەردەم ئامێری مەرگدا

س جولای 7 , 2026
پاریس جارێکی تر میوانداریی گەورەترین کۆبوونەوەی جیهانیی نەیارانی سزای سێدارەی کرد، ڕووداوێکی کە زیاتر لەوەی تەنیا کۆڕبەندێکی یاسایی بێت، بوو بە دادگایەکی ئەخلاقی دژی یەکێک لە دڕندانەترین پاشماوەکانی سیستمی سزادان لە سەردەمی هاوچەرخدا. نۆیەمین کۆنگرەی جیهانیی هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە، بە کۆکردنەوەی چالاکوانانی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ، یاساناسان و ڕزگاربووانی بنەماڵەی […]

بابەتی پەیوەندیدار