هەرێمی کوردستان؛ هێرشی موشەکی و درۆنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

لە ئەنجامی هێرشە نوێیەکانی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، چەندین کەس کوژراون و بریندار بوون و نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی هاووڵاتییانی مەدەنی و پەنابەران ڕووی لە زیادبوون کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی هەینی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەپۆلێکی هێرشی موشەکی و درۆنییان بۆ سەر کەمپی بنەماڵەکان و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد، کە لە ئەنجامدا زیانی گیانیی بەرچاو ڕاگەیەندراوە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە کاتی بۆردوومانکردنی یەکێک لە کەمپە مەدەنییەکاندا، گەنجێک بە ناوی «شاهین ئازەربەرزین» گیانی لەدەستداوە و باوکی بە ناوی «نادر ئازەربەرزین» بە سەختی بریندار بووە و بۆ چارەسەر ڕەوانەی ناوەندە تەندروستییەکان کراوە.
هاوکات لە هێرشێکی دیکەدا کە یەکەیەکی هێزی پێشمەرگەی ئەو حیزبەی کردووەتە ئامانج، دوو ژنە پێشمەرگە بە ناوەکانی «نەدا میری» و «سەمیرا ئەڵڵایاری» شەهید بوون. هەروەها ڕاگەیەندراوە کە چەند پێشمەرگەیەکی دیکەش لەم هێرشانەدا بریندار بوون.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ئەنجام دراون کە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی نائارامی ئەمنیدان و بە ئامانجگرتنی کەمپە مەدەنییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی پەنابەرانی کوردستانی ئێران، نیگەرانییەکی بەرفراوانی لەلایەن ناوەندەکانی مافی مرۆڤەوە لێکەوتووەتەوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، ئاماری ورد و کۆتایی زیانەکان ڕانەگەیەندراوە و بەهۆی بەردەوامیی دۆخە قەیراناوییەکە، ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراو و بریندارەکان لە ئارادایە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

پیرانشار؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و بێسەروشوێنبوونی محێدین قەلاش و بێهنام قەلاش، باوک و کوڕێک

چ آوریل 22 , 2026
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر دەستبەسەرکرانی «محێدین مەعرووف‌نیا (قەلاش)» و «بێهنام مەعرووف‌نیا (قەلاش)»، دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار کە باوک و کوڕن، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخ و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری […]

بابەتی پەیوەندیدار