
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر دەستبەسەرکرانی «محێدین مەعرووفنیا (قەلاش)» و «بێهنام مەعرووفنیا (قەلاش)»، دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار کە باوک و کوڕن، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخ و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ئەم باوک و کوڕە لە کاتی دەستبەسەرکرانیانەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێککەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و هەوڵەکانی بنەماڵەکانیان بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر دۆخیان بێئاکام ماوەتەوە.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، ناوەندە بەرپرسەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەم دوو هاووڵاتییە کراون، نەداوە.

