کۆلبەرێکی دیکەی خەڵکی شاری سەقز بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووریی بانە برینداربوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی دووشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووریی “هەنگەژاڵ”ی بانە تەقەیان لە کۆمەڵێک لە کۆڵبەران کردووە، لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی دیکە لە “پاژنە”ی پێیدا بە سەختی بریندار بوو. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە بریندارە “ڕەشید لوتفی”، خێزاندار و خەڵکی گوندی “دەرە پەنبەدان”،ی سەربە بەشی زیوییەی شاری سەقز ڕاگەیاندراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆلبەرنیوز لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ڕایگەیاندبوو کە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ١٤٠٢، هێزەکانی هەنگی مەرزی دوو کۆڵبەری دیکەیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە هێڵی سنووریی “هەنگەژاڵ”ی بانە بریندار کردووە. ناسنامەی ئەو کۆڵبەرانە “سید ئەنوەر هاشمی” تەمەن ٤٠ ساڵ تەمەن و “ئەنوەر قەدەمی” تەمەن ٤٢ ساڵ تەمەن، هەردووکیان خێزاندار و خەڵکی گوندی “دەرە پەنبەدان”ی سەر بە بەشی زیوییەی شاری سەقز بوون.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٢٩٩ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان جادەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژێم، هەرەسی ڕەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و حاڵەتەکانی ترەوە کوژراون و بریندار بوون. لەم ژمارەیە بەگشتیی ٣٢ کۆڵبەر (١١%) کوژراون و ٢٦٧ کۆڵبەر (٨٩%) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەری کە کوژراون و بریندار بوون، ٢٦١ حاڵەت (٨٧%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە. لە کۆی گشتی ٢٩٩ کۆڵبەری کە کوژراون و بریندار بوون، ٣٠ کەسیان منداڵی خوار ١٨ ساڵن .