باسێک سه‌باره‌ت به ڕۆمانی” ئه‌فغانی” عارف فه‌رمان
نووسەر: سەعید ئەمانی
ئازاری گشت ئه‌و ئینسانانه ئازادی خواز و به‌رابه‌ری ته‌ڵه‌بانه‌ی داواکاری ژایانێکی ئاسووده و دوور له‌هه‌ر چه‌شنه هه‌ڵاواردنێکی چینایه‌تی، ڕه‌گه‌زی و نه‌ته‌وایه‌تین و به که‌متر له‌وه‌ش رازینابن، زوڵم و زۆرداری ده‌سه‌ڵاتدارانی چه‌وسێنه‌ر و دژی ئازادی و مافه‌کانی مرۆڤ، برسیه‌تی و بێ ئیمکانتی ژیان و به‌ڕێچوون و ده‌مارگرژی کۆنه‌په‌رستانه‌ی زاڵ به‌سه‌ر ژینگه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییاندا ته‌نگی پێهه‌ڵچنیون و به ناچاری روویان کردۆته هه‌نده‌ران، ته‌قریبه‌ن هاوشێوه‌یه و که‌م و زۆر ژانێکی نزیک له‌یه‌ک ته‌جروبه دکه‌ن. ناوه‌رۆک و ڕووداوه‌کانی دووتوێی ڕۆمانه‌که‌ی عارف فه‌رمان که به‌سه‌رهاتی کۆچبه‌ری وڵاتێکی ئاسیاییه زۆر زوو ناخی خوێنه‌ری ئاواره‌ی ئێرانی ده‌سمێت و ئاوێته‌ی هه‌ست و ئێحساسه‌کانی ده‌بێت و به سانایی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یباته پیاسه‌ی گۆڕپانی ڕووداوه‌کان. ئه‌و رووداوه ناخ هه‌ژێنانه‌ی له ژیانی ئاواره‌یه‌کی ئه‌فغانیدا رووده‌ده‌ن.
ئه‌فغانی بوون ده‌ردێکی که‌م نییه! به‌تایبه‌تی که کۆچبه‌رێکی نایاسایی ڕۆژڕه‌ش بیت و سه‌رله ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ده‌ربێنیت. ڕه‌نگه ژن یان پیاوی ئاواره و شه‌ڕلێدراوی ئه‌فغانی، ته‌نیا له ئێران، و له نزیکه‌وه شاهیدی بێگانه بوون، ڕه‌تکرانه‌وه و سووکایه‌تی پێکرانی خۆی و وڵات و نه‌ته‌وه‌که‌ی بووبێت. ئه‌مه بهرداشتێکه که له ناوه‌رۆکی ڕۆمانی” ئه‌فغانی” نووسینی عارف فه‌رمان ده‌کرێ. ئه‌مه ڕۆمانێکه که له ناخی خۆیدا کرداری ڕوانگه‌ی ڕاسیستی له کۆمه‌ڵگای ئێرانی ژێر حاکمیه‌تی نیزامی ئیسلامی دا ده‌نوێنێ. نووسه‌ره‌که‌ی ئێرانی نییه. ئه‌و ئه‌فغانیه و به‌باشیش توانیویه‌تی هه‌ڵسوکه‌وت و شێوه‌ی ڕوانینی به‌شێک له دانیشتوان و مرۆڤی ئێرانی سه‌باره‌ت به هاوڕه‌گه‌زه‌که‌ی له‌و ڕۆمانه‌دا پیشان بدات.
ئه‌فغانی زاراوه‌یه‌که که ڕه‌نگه له گوێی هه‌ر په‌نابه‌رێکی ئه‌فغانیدا که ڕێی که‌وتبێته ئێرانه‌وه زرینگانه‌وه‌یه‌کی مه‌ترسیدار و ئازارده‌ری هه‌بێت. عه‌لی، که‌سی یه‌که‌می ڕۆمانه‌که گه‌لێک جار به پاڕانه‌وه، به هێنانه‌وه‌ی به‌ڵگه و ده‌لیل داوای له‌وکه‌سانه کردوه که به‌م واژه‌یه سووکایه‌تی پێده‌که‌ن و ئازاری ئه‌ده‌ن به ناوه‌که‌ی خۆی بانگی بکه‌ن. وه‌ک نووسه‌ر ده‌نووسێت:
<< نه‌ته‌وه‌که‌ی منیش وه‌ک هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی تره. له‌ودا، ته‌واوی باشیه‌کان بوونیان هه‌یه. به‌ناوی نه‌ته‌وه‌که‌مه‌وه با‌نگم مه‌که‌ن. گه‌لێک ئازارده‌ره کاتێک که له غه‌ریبیدا، سووکایه‌تی به خۆت و نه‌ته‌وه‌که‌ت ده‌کرێ.>>
نووسه‌ر ویستوویه‌تی وه‌ک کۆچبه‌رێک سه‌باره‌ت به‌م جۆره دیاردانه له زات و هه‌ستی مرۆڤی ئێرانی دا بابه‌تێک بنووسێت. ئه‌و داستانی خۆی و به‌سه‌رهاتی ئاواره‌یی و په‌رته‌وازه بوون و بێ پشتوپهنایی هاووڵاتیه‌کانی له زمان ڕاوییه گه‌نجه‌که‌یه‌وه ده‌گێڕێته‌وه. له داستانه پێکه‌وه چنراوه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه‌دا، ئێمه ده‌بینه ئه‌و شاهیده سه‌ر سووڕماوانهی له ئاوێنه‌یه‌که‌وه که له ڕوانین، بیر و ئه‌ندێشه و هه‌ڵسوکه‌وته‌کانمان چێمان کردوه، هاتووینه‌ته ده‌رێ و به سه‌رنجه‌وه ده‌ڕوانینه قامه‌تی نا هه‌مواری خۆمان. شک له‌وه‌دانیه که بڵاو بوونه‌وه‌ی ڕۆمانێکی له‌م چه‌شنه ده‌توانێ کاریگه‌ریه‌کی به‌رچاو له‌سه‌ر ئه‌ندێشه و بیر و بۆچوونی ئه‌و به‌شه له دانشتوانی ئێران به‌جێبێڵێ که جێی سه‌رنجی نووسه‌رن.
ئێمه ئه‌و ڕوانینه تایبه‌ته ئێرانیه‌ی سه‌باره‌ت به بیانیه‌کان بوونی هه‌یه و عارف فه‌رمانیش ده‌یبینێ و له ڕۆمانه‌که‌یدا ده‌ریده‌خات، به‌رده‌وام و به درێژایی مێژوو له ڕوانگه‌ی ئێرانی بۆ ئێرانیشدا بووه و گه‌لێک جاریش له ڕه‌وتی ئاڵوگۆڕه مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا بۆته کۆسپ و به‌ربه‌ستی به‌رده‌م به‌سه‌مه‌ر گه‌یشتنی زۆربه‌ی بزووتنه‌وه‌کان و بێده‌نگ بوون و له پێ که‌وتنی هێز و ڕه‌وته سیاسیه‌کان. ئه‌مه له ڕوانگه‌ی ڕۆمانی” ئه‌فغانی”یه‌وه زه‌نگی مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌تریشی لێداوه. له ڕاستیدا هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک به تایبه‌تمه‌ندیه‌کی به‌م شێوه وێرانگه‌ر و دژی ئینسانیه‌وه ناتوانێ پێ بنێته شاڕێی ته‌مه‌دونی به‌شه‌رییه‌وه. به‌ستێن و بوار خۆشکه‌ری به‌ره‌وپێش چوون به‌جاده پڕپێچ و ههورازو نشێوه‌کانی مێژوودا و تێکه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ کاروانی گه‌وره‌ی ته‌مه‌دونی به‌شه‌ری هاوئاهه‌نگی، هاودڵی، هاوخه‌می و دۆستی و خۆشه‌ویستییه. له ڕوانگه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌وه ئێمه هه‌ژار و بێهه‌ست و هیچ له‌ده‌ست نه‌هاتووین. هه‌ژارین؛ چون هێشتا عیشق و خۆشه‌ویستیمان به‌رانبه‌ربه هاوڕه‌گه‌زه‌کانمان نه‌کردۆته سه‌رچاوه و بنه‌مای هه‌ڵسوکه‌وته‌کانمان. بێ هه‌ستین؛ بهوخاترهی که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ویست و ئاوات و ئاره‌زووی هاوبه‌شین، به بوونی ئه‌و تایبهتمهندیانهشهوه که باسیان کرا، خاوه‌نی هێزو شۆرو شه‌وقی یه‌کگرتن و کاری هاوبه‌ش نیین له پێناو سڕینه‌وه و کۆتایی پێهێنانی ڕه‌نج و ئازار و نه‌هامه‌تیه‌کانی یه‌کتردا.
له ڕۆمانی” ئه‌فغانی”دا ده‌بینین که ئێرانیه‌کان له‌هه‌ر تیره‌و تایه‌فه‌یه‌ک بن و سه‌ربه هه‌ر چین و توێژێک، کۆچبه‌ری ئه‌فغانی ته‌نیا به ئه‌فغانی! بانگ ده‌که‌ن. له‌حاڵه‌تی ئاسایی دا ئه‌فغانی له ڕوانگه و بۆچوونی ئه‌وه‌وه دزو قاچاغ فرۆشه. ئه‌گه‌ر بۆ سه‌رگه‌رمیش بووه ده‌کرێ له په‌نا و په‌سیوی کوچه‌و کۆڵانه‌کاندا بیخهیهبهر گاز‌و گیر و وه‌ک تۆپی یاری ههڵیدهی به‌ملاولادا.
ئه‌گه‌ر سه‌باره‌ت به پێنه‌بوونی کارتی ئیقامه‌ت و مانه‌وه بکه‌وێته ده‌ست پاسدار و هێزه نیزامیه‌کان سه‌ره‌تای ده‌ستپێکی سیناریۆیه‌کی پڕله ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی تاقه‌ت پڕوکێنه بۆی. یه‌کێک له‌و لۆمپه‌نه هه‌وسار پچڕاوانه‌ی به‌ردراوه‌ته شه‌قام و کۆڵانه‌کان یان مه‌ئمورێکی حکومه‌تی ئیلاهی که جه‌واز و ئیزنی ڕاوکردن، ئه‌شکه‌نجه و له به‌ین بردنی ئه‌م بێگانه چاره‌ڕه‌شه‌ی له ته‌نگه‌ی باخه‌ڵدایه، به‌خۆی ناڵێ که ئه‌وه‌ی من خه‌ریکم به مشت و پێله‌قه پیادهکێشم، مێشک و چاوی مرۆڤێکه! ئه‌وه قه‌ڵه‌می ده‌ست و پێ و ئێسکی پشت و په‌راسوی ئینسانێکه تێکیدهشکێنم! ئه‌مه مرۆڤێکی ئهفغانیهو هیچی له باری ئینسانیه‌وه له‌من که‌متر نییه! نا، ئه‌مجۆره هه‌ڵسوکه‌وته سه‌باره‌ت به په‌نابه‌ری ئه‌فغانی به‌لای ئه‌وه‌وه پاساوی شه‌رعی بۆ هێنراوه‌ته‌وه سووره له‌سه‌ر به‌ڕێوه بردنی.
به‌وته‌ی ڕۆمانی عارف فه‌رمان، کۆچبه‌ری ئه‌فغانی ته‌نانه‌ت مافی کارکردن له چێشتخانهکانیشیدا نییه. ئه‌و یان ده‌بێ له به‌شی به‌خێوکردنی په‌له‌وه‌ر یان له کورهخانهکاندا خه‌ریکی قوڕبه‌سه‌ری بێت یان له کاری بیناسازی دا گیان و ژیانی بنێته پێناو په‌رواری هه‌رچی زیاتری خاوه‌نانی سه‌روه‌ت و قازانج په‌رستی خاوه‌نکاران و سه‌رمایه‌دارانی چاوچنۆکه‌وه. په‌نابه‌ری ئه‌فغانی نێچیرێکی له‌به‌ر ده‌ست و گونجاوه بۆ سه‌رمایه‌دارانی خوێنمژ و بێ‌ویژدان که به‌به‌رده‌وامی له دژوارترین هه‌لومه‌رجی کاری‌دا هێزی کاره‌که‌یان به‌نرخێکی گه‌لێک هه‌رزان به‌تاڵان ده‌به‌ن و شیله‌ی گیانیان ده‌کێشن و ته‌نانه‌ت گه‌لێکجار هه‌ڕه‌شه‌ی دانه‌ده‌ست پۆلیسیان لێده‌که‌ن و دوور له‌هه‌ر هه‌ستێکی مرۆڤانه حه‌قده‌سته‌که‌یان ناده‌نێ و به‌ده‌ستی به‌تاڵ له‌سه‌ر کار وه‌ده‌ریان ده‌نێن.
به ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م ڕاستیانه له ڕۆمانی” ئه‌فغانی”دا ده‌کرێ لایه‌نه جۆراوجۆره شاراوه‌کانی ژیان له ئێرانی ساڵه‌کانی سه‌ره‌تای به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی کۆماری ئیسلامی و ئاکامه‌کانی شه‌ڕی ئێران و عێڕاق دا بدۆزینه‌وه. ده‌کرێ هه‌ست به‌و کاره‌سات و نه‌هامه‌تیانه بکه‌ین که به‌سه‌ر ئه‌م چارهڕهشانهدا هاتوه له ساڵه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی بهبرهک کارمه‌ل له ئه‌فغانستان و شه‌ڕی هێزه‌کانی شۆڕه‌وی پێشوو له‌گه‌ڵ موجاهیدینی ئه‌فغان و باقی شه‌ڕ و تێکهه‌ڵچوونه جه‌نایه‌تکارانه و کۆنه پهرهستانهکانی نێوخۆی ڕه‌وته کهللهوشکه مه‌زهه‌بیه‌کان و ئاسه‌واره وێرانگه‌ره‌کانی له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی ئه‌م خه‌ڵکه و ئاواره‌بوونیان به‌ره‌و ئێران.
” عه‌لی” ئه‌و که‌سه‌ی به‌سه‌رهاته‌که ده‌گێڕێته‌وه له کوه‌یته‌ی پاکستانه‌وه و له ڕێگای قاچاخه‌وه دێته زاهیدان. ئه‌وکاته زاهیدان شارێکه خامۆش ئه‌ڵێی خۆڵه‌مێشی خه‌مت به‌سه‌را دابێشتوه به دانیشتوانێکی مه‌سخ کراو و له ڕواڵه‌ت که‌وتووی که به‌ڕاده‌یه‌ک نامۆیانه ده‌ڕوانێته بێگانه‌کان یان ئه‌فغانییه ئاواره‌کان که ده‌رفه‌ت نادات هیچ چاوهڕوانیهکت لێی هه‌بێ. ژیانی ئه‌و له‌م شاره‌دا له‌گه‌ڵ هه‌سته ده‌روونیه‌کان و ئه‌و ڕۆژگاره‌ی تیا قه‌راری گرتوه، پیشانده‌ری په‌یکه‌ره‌ی ئه‌ڕواحه له شه‌وی شارانی تاعون لێدراودا. زمانی ساده‌و ساکاری ده‌ربڕی ئازاری سووکایه‌تی و بێڕێزی پێکران، ئه‌شکه‌نجه و ئه‌م گشته ئاوێته‌ی غه‌می نانه‌ی ڕاوی ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ر شتێکدا که خۆی ئه‌زموونی ده‌کات، بکاته هاوڕێ و له به‌ستێنی ئه‌و ڕووداوه مه‌ترسیدارانه‌دا که به‌سه‌ریدا ڕماون، هه‌ست و ئیحساسی خۆی به‌شێوه‌یه‌کی نه‌رمونیان ئاژینکاته ناخیه‌وه.
خوێنه‌ر ناچاره شانبه‌شانی به‌سه‌رهاته‌کانی ئه‌م کۆچبه‌ره سه‌رگه‌ردانه له شاره‌کانی تر له‌وانه شیراز و تاران‌دا ڕێبکات. به‌م شێوه‌یه بینین و ناسینه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر نووسه‌ردا هاتووه، له جێگاوشوێنی تایبهتداو له که‌ش و هه‌وایه‌کی پڕ گێژاودا که هه‌ستی بێ پشتوپهنایی و داماوی و هه‌ژاری و ته‌نیایی پێکی دێنێ؛ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی ئه‌داتێ که سهرکهتوانه هه‌واڵی ترس و دڵهڕاوکێکانیمان پێ ڕابگه‌یه‌نێ.
داستانی برسی مانه‌وه‌ی له زاهیدان ناخ هه‌ژێنه. سووکایه‌تی پێکران و ئه‌شکه‌نجه و ئازاری خۆی و هاووڵاتیه‌کانی له نێو کۆڵان و شه‌قام و کومیته و ئیداره‌ی پۆلیسی شاره‌کانی شیراز و تاران‌دا تا ئاست و سنووری شێتبوون ئهسهفباره. داستانی ئه‌وینداری ئه‌و له‌گه‌ڵ کچی خاوه‌ن ماڵه‌که‌یدا و بهواتایهکیتر کچه هاوشاریه‌کی حافز، شاعیرێکی که به به‌رده‌وامی له زه‌ین و ئه‌ندێشه‌ی دا حازربوو، له وه‌ها بارودۆخێکدا که ئه‌وی تێدایه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه شکستی هێناوه. ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، خۆشه‌ویستی ئه‌م دوو ئه‌وینداره لاو و بێ ده‌سه‌ڵات و بێ سه‌روه‌ت و حورمه‌ت وڕێزه به‌گاڵته ده‌گرێ. ئه‌ڵێی هێشتا ئه‌م کۆمه‌ڵگایه ئه‌نگیزه و پاڵنه‌ره‌کانی ئه‌وینداری به بابه‌تێکی ئینسانی نازانێت، ئه‌مه کاره‌ساته‌که‌یه.
رۆمانی” ئه‌فغانی” باس له ده‌رد و ئازاره‌کانی ده‌یان ساڵ له‌وه‌پێشی کۆچبه‌رانی ئه‌فغانی واته سه‌ره‌تاکانی تاراوگه نشینیان ده‌کات. مه‌ینه‌تی و فه‌لاکه‌تێک که له ئێستادا و له ئاسته جۆراوجۆره‌کانی ژیانی ئه‌م تاراوگه نشینانهدا به‌ده‌یان قات زیادی کردوه و حکومه‌تی ئیسلامی ئێران و کۆمیساریای باڵای په‌نابه‌رانی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کانیش به‌جێی که‌م کردنه‌وه‌ی ئازاره‌کانیان به هاوده‌ستی و هاوکاری یه‌کتر و پیلانی هه‌مه‌ڕه‌نگ خه‌ریکی ههڵکهندیانن له‌و شوينانهی به‌هه‌زار ده‌ردو مه‌راره‌ت لێی جێگیر بوون و توانیویانه ژیانێکی کوله‌مه‌رگی تێدا پیکه‌وه بنێن و خۆبه دوور بگرن له‌و مه‌رگه‌ساته‌ی له وڵاته‌که‌یاندا له ئارادایه. ئه‌م لایه‌نه به‌شه‌ر دۆستانه! ده‌یانه‌وێ ئه‌و خه‌ڵکه چاره‌ڕه‌شه به زۆر بنێرنه‌وه بۆ ئه‌فغانستان، بۆ جه‌هه‌ننه‌مێک که وڵاته خاوه‌ن هێز و ده‌سه‌ڵاته‌کانی ئه‌ندامی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان بۆیان خوڵقاندوون و رۆژ نییه به ده‌یان که‌س له دانیشتوانی ئه‌و وڵاته‌ی تێدا نه‌بێته قوربانی.
دوکتور ئه‌کڕه‌م عوسمان له پێشه‌کیه‌کی کورت‌دا که بۆ ئه‌م ڕۆمانه‌ی نووسیوه ده‌ڵێت:” ئه‌م به‌رهه‌مه له شێوه‌ی سهفهرنامهیهکدا نووسراوه که ڕیوایه‌تێکی به‌ڵگه‌مه‌ندی سه‌فه‌رێکی بێ کۆتایی و بێ مه‌قسه‌ده. ئه‌م به‌رهه‌مه ڕۆده‌چێته ناخی ڕاستیه‌کانه‌وه. ئه‌م ستڕاتیژه، ناخی ڕووداوه‌که ده‌کۆڵێ.
به‌کورتی ئه‌م داستانه خاوه‌نی داڕشتنێکی پته‌و، ڕێک‌و پێک و قایموقۆڵی تاێبه‌ته و لایه‌نگرانی خوێندنه‌وه به‌ره‌و قوڵایی تڕاژیدی ژیان له وڵاتی ئه‌فغانستان په‌لکێش ده‌کات.” وێڕای ته‌ئیدی بۆچوونه‌کانی دوکتور ئه‌کڕه‌م عوسمان ده‌بێ بوترێ که ئه‌م داستانه له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا، ئه‌و به‌شه له مرۆڤی ئێرانیش که تیشکی ڕه‌خنه‌ی ئاڕاسته کردوون به‌ره‌و پاڵاوتنی ئه‌ندێشه‌و ڕه‌وان و ڕوانگه‌کانی له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیدا پاڵپێوه ده‌نێت.
سه‌رچاوه‌کان: چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی ئینتێرنێتی
1_ ناشر: نه‌شری ئه‌رزان( ئیستکهۆلم)
چاپی یه‌که‌م، 2012