دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە بەرزاییەکانی شاخی تەتەی هەورامان کوژرا و برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی پێنجشەممە ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە بەرزاییەکانی شاخی تەتەی هەورامان بەشێک لە کۆڵبەرانیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک کوژرا و کۆڵبەرێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو. ناسنامەی ئەم دوو کۆڵبەرە “ئەرکان بالواسە” خەڵکی گوندی “جەلیلە” و “دانا” خەڵکی گوندی “گەلیە”ی سەربە شاری مەریوانە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە بە تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزی “ئەرکان بالواسە” بە سەختی برینداربوو و لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە لە نزیک شاری “کانی دینار”ی شاری مەریوان گیانی لەدەستدا و “دانا” بۆ چارەسەر بۆ نەخۆشخانەی مەریوان گواسترایەوە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردوویی، چوونە سەرمین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون. لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی ٤٤ کۆڵبەر کە دەبێتە (١٠%) کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر کە دەبێتە (٩٠%) برینداربوون. لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ کوژران و برینداربوون، بەگشتی ٣٧٣ حاڵەت کە دەبێتە (٨٤%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ لە سنووری کوردستان کوژران و بریندار بوون، ٣٧ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی ٩٠٪ی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بووین.