پاوە؛ گیانبەختکردنی فەردین ڕۆستەمنژاد، کۆڵبەرێک بڕبڕەی پشتی پچڕا و یەکێک لە ٥ برای کۆڵبەر پاش ١٨ مانگ

فەردین ڕۆستەمنژاد، کۆڵبەرێک بڕبڕەی پشتی پچڕا و یەکێک لە ٥ برای کۆڵبەر، پاش ١٨ مانگ ئازار، گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز هەینی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٣ فەردین ڕۆستەمنژاد، کۆڵبەری ٢٧ ساڵان خەڵکی گوندی شمشێر لە پاوە، لەکاتی کۆڵبەری بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئەمنی ڕژیم برینداربوو و بڕبڕەی پشتی پچڕا، پاش ١٨ مانگ ئازاری برینەکەی گیانی لەدەستدا.

ناوبراو لە پێنجشەمە ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١ لە سنووری نەوسوود و ناوچەی کەڵەبەر بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئەمنی ڕژیم زگی بە گوللە برینداربوو و بڕبڕەی پشتی پچڕا. ناوبراو ٤ برای کۆڵبەری دیکەی هەیە کە هەموویان لە کۆڵبەریدا برینداربوون.

پێشتر کۆڵبەرنیوز لەمبارەوە ڕاپۆرتی بڵاوکردبوو بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ساڵانی ڕابردوو ئەکرەم، کۆسار، فەرشاد، فەردین و ئیحسان ڕۆشتەمنژاد، ٥ برای خەڵکی گوندی شمشێر لە پاوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ و ڕاونانی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری نەوسوود برینداربوون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە چوارشەمە ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٠، ئەکرەم ڕۆستەمنژاد، کۆڵبەری گوندی شمشێر لە پاوە بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە شاخ و ڕاونانی هێزەکانی هەنکی مەرزی برینداربوو. لە ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ کۆسار ڕۆستەمنژاد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی برینداربوو. ناوبراو سەری برینداربوو و بەهۆی سەختی برینەکەی بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی کرماشان گواسترابوو. کۆسار ڕۆستەمنژاد، لە ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٠ لەگەڵ براکەی ئەکرەم ڕۆستەمنژاد، دووبارە بە تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری نەوسوود برینداربوو و ناوبراو خێزاندار و باوکی منداڵێکە. لە حاڵەتێکی دیکە، ئێوارەی سێشەمە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٢ یەکێک لە ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە بە ناسنامەی فەرشاد ڕۆستەمنژاد، ٣٤ ساڵان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنکی مەرزی لە سنووری نەوسوود برینداربوو. بەپێی ئەم ڕاپۆرتێکی دیکە ئیحسان ڕۆستەمنژاد، برای ٤ کۆڵبەرەکە، لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری نەوسوود گوللەی لێدرا و برینداربوو.

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٤، ٢٧٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزایی و حاڵەتەکانی تر کوژران و برینداربوون. لەم ژمارەیە، ٣٤ کۆڵبەر واتا ١٣٪ کوژران و ٢٣٦ کۆڵبەر واتا ٨٧٪ برینداربوون.
لە ٢٧٠ کۆڵبەر لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٤ کوژران و برینداربوون، ٢٢٢ کۆڵبەر واتا ٨٢٪ بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕژیمەوە بووە.
هەروەها لە ٢٧٠ کۆڵبەر لە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٤ لە سنووری کوردستان کوژران و برینداربوون، ٢٠ کۆڵبەریان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
ئاماری نیوەی یەکەمی ٢٠٢٤، بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ٢٠٢٣، ئێمە چاودێری زیادبوونی ٢١٨٪ ڕێژەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران لە هێڵی سنووری کوردستان بووین.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

کوژران و برینداربوونی لانیکەم ١٤٢ کۆڵبەر لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣

ی سپتامبر 22 , 2024
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣دا، بە گشتی ١٤٢ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕەنوو و سەرمابردوویی، کەوتنە سەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و حاڵەتەکانی […]

You May Like