سەقز؛ سەفا عائیلی بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندانییەکەی دەستبەسەر و بۆ زیندان گواسترایەوە

سەفا عائیلی، خاڵۆی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سەقزەوە بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندانییەکەی دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندی شاری سەقز گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی هەینی ٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، سەفا عائیلی، تەمەن ٣١ ساڵ و خاڵۆی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە دەستبەسەر کراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەکان بەبێ بڕیاری دادوەر، لە کاتێکدا بەڕێز عائیلی لەگەڵ هاوسەرەکەی بووە، ئەوانیان وەستاندووە و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە. بەڕێز عائیلی، چەند کاتژمێر پاش دەستبەسەرکرانی لە پێوەندیەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە بۆ زیندانی ئەم شارە گواسترایەوە.

سەفا عائیلی، سێشەمە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. لە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ بە دانانی بارمتەی ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن تمەن بە شێوەی کاتی تا تەواوبوونی دادگاییەکەی لە زیندان ئازاد کرابوو.

سەفا عائیلی، لە ڕێبەندانی ١٤٠٢، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی شاری سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد مستەفایی، بە تۆمەتی «بەشداری لە گردبوونەوە و پشتگیری دژی ئاسایشی ناوخۆ» بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ڕۆژێک زیندانی تەعزیری، بە تۆمەتی «بانگەشە دژی ڕژیم» بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی «سووکایەتی بە خامنەیی» بە ١٥ مانگ و ڕۆژێک زیندانی تەعزیری و بە کۆی گشتی بە ٥ ساڵ و ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ زیندانی تەعزیری سزادرا.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

پیرانشار؛ بەردەوامی دەستبەسەری و ناڕوونی لە دۆخی عەبدوڵڵا ئاژیر

د آوریل 14 , 2025
عەبدوڵڵا ئاژیر، هاوڵاتی شاری پیرانشار، نزیکەی مانگێکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر و تا ئێستا زانیارییەک لە شوێنی مانەوەی ناوبراو بەردەست نییە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بە تێپەڕینی زیاتر لە مانگێک لە دەستبەسەرکرانی عەبدوڵڵا ئاژیر تا ئێستا دەستبەسەرە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، عەبدوڵڵا ئاژیر، لە ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە […]

You May Like