عومەر مورادی، کۆڵبەری شاری جوانڕۆ بەهۆی وەستانی دڵ لە سنووری دزاوەر لە شاری پاوە گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەمە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، تەرمی بێ گیانی کۆڵبەرێک لە باغاتی گوندی سنووری دزاوەر لە شاری پاوە، لەلایەن خەڵکی ئەم ناوچەیەوە دۆزرایەوە. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە «عومەر مورادی» تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری جوانڕۆ بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم کۆڵبەرە بەهۆی وەستانی دڵ و سەرمابردووییەوە گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم هەژمارەدا ٥٢ کۆڵبەر واتە (٢٨٪) کوژران و ١٣١ کۆڵبەر واتە (٧٢٪) برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١٤٣ حاڵەتیان واتە (٧٨٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١١ کەسیان واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەستداوە.