سێ کۆڵبەر بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ١١ی سەرماوەزی ١٤٠٢، سێ کۆڵبەری خەڵکی شاری کرماشان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری نەوسوود بریندار بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە بریندارانە بریتین لە “تالب یوسفی” و “ئومێد شوکری” هەردووکیان خەڵکی گوندی “دەشا” سەر بە پاوە، و “حەسەن” خەڵکی گوندی “داریان” سەر بە پاوە لە شاری کرماشانە.
جێگای باسە کە ئەم کۆڵبەرانە بە گوللەی هێزەکانی هەنگی مەرزی کراونەتە ئامانج کە “لاق”و “ڕان”و “پشتە مل” یان بریندار بووە.
بەپشتبەستن بەو ئامارەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراوە، لە ١ی ڕەزبەر تا ١ ی سەرماوەزی ١٤٠٢، بەگشتی ١٥٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی، لێدان و ئازاردان لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ڕژێم و کەوتنە سەر مین. کوژراو و بریندار بوون.
لەم ژمارەیە بەگشتی ٩ کۆڵبەر کوژراون و ١٤٥ کۆڵبەر برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٥٤ کۆڵبەر کە کوژراون و برینداربوون، ١٤١ حاڵەت (٩٢%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.