لەگەڵ تێپەڕینی هەشت ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی سەرەرۆیانەی “فەردین سیدە”، هاوڵاتی خەڵکی شاری پیرانشار، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی و ڕوون دەربارەی شوێنی ڕاگرتن و دۆخی یاسایی ناوبراو بڵاو نەکراوەتەوە و دەزگا ئەمنییەکان بەردەوامن لە خۆپاراستن لە وەڵامدانەوە لەم بارەیەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی رێبەندانی ١٤٠٤، “فەردین سیدە” کوڕی خالید بەبێ بوونی هیچ بڕیارێکی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پەیوەست بە ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەرکراوە و دەستبەجێ بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. ئەم دەستبەسەرکرانە تەنیا دوو ڕۆژ دوای دەستپێکردنی ژیانی هاوبەشی ئەم هاوڵاتییە ئەنجام دراوە و ئەم بابەتە نیگەرانییەکانی خێزانەکەی زیاتر کردووە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، “فەردین سیدە” لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا بە تەواوی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزانەکەی، بێبەش کراوە و خێزانەکەی لە دۆخێکی بێ ئاگایی تەواودا دەژین.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ تۆمەتێکی فەرمی یان هۆکارێکی دیاریکراو بۆ دەستبەسەرکرانی ئەم هاوڵاتییە ڕانەگەیەنراوە و دەزگا ئەمنییەکان هەر بەردەوامن لە ڕەتکردنەوەی پێدانی ڕوونکردنەوە لەم بارەیەوە.

