
«ڕەسووڵ یادیار»، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج مانگ بەسەر کاتی دەستبەسەرکرانیدا، هێشتا لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارە لە دۆخێکی ناڕووندا بەسەردەبات. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە گوشارە ئەمنییەکان بەردەوامن و ڕێگری لە ئازادکردنی کاتیی ناوبراو دەکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج مانگ و نەسەلماندنی هیچ تۆمەتێک دژی ڕەسووڵ یادیار، ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان و “عەلی زاھیدی” دادوەری ئەم شارە، بە کارشکێنی و دژایەتیکردن ڕێگری لە وەرگرتنی بارمتە و ئازادکردنی کاتیی ئەم هاووڵاتییە دەکەن. ناوبراو لە ئێستادا لە زیندانیی ناوەندیی بۆکاندا بەندکراوە.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕەسووڵ یادیار لە کاتی لێپرسینەوەدا لە زیندانیی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان، کەوتووەتە ژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی؛ بە جۆرێک کە چەند ددانێکی شکاوە، لە لووت، شەویلکە و دەستیشیەوە تووشی پێکان و برینی قورس بووە. سەرەڕای خراپیی باری تەندروستی، ناوبراو تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت گواستەاوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و پێش تەواوبوونی پڕۆسەی چارەسەری، دووبارە بۆ زیندان گەڕێنراوەتەوە.
هەروەها ڕاگەیەندراوە کە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی ڕەسووڵ یادیار کە لە حەوشەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا دەستی بەسەردا گیرابوو، لە کاتی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر بینا و حەوشەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان، زیانی بەرکەوتووە و تێکشکاوە، بەڵام دەزگاکانی ڕژیم تا ئێستا ئامادە نین هیچ قەرەبوویەک بدەنەوە.
ڕەسووڵ یادیار، خێزاندار و خەڵکی گوندی “گوێک تەپە” و نیشتەجێی گوندی “ناچیت”ی سەر بە بۆکانە. ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر کرا و تا ئێستاش لە زیندانە.
جێگەی ئاماژەیە کە سێ برای ناوبراو بە ناوەکانی ناسر یادیار تەمەن (٣٨ ساڵ)، مووسا یادیار تەمەن (٢٦ ساڵ) و حەمزە یادیار (٢٥ ساڵ) کە ئێوارەی چوارشەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ لە کاتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا دەستبەسەر کرابوون، دوای نزیکەی دوو مانگ بەندکران، لە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

