هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی «لەیلا پاشایی» چالاکی ژنان، لە شاری سنە و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، دوێنێ دووشەمە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی لەیلا پاشایی، ناوبراو بۆ چەندەمین جار دەستبەسەر کراوە.
تۆمەتەکانی دژی ناوبراو «دژایەتی ئاسایشی نەتەوەیی» ئاماژەی پێکراوە. سەردار پاشایی، پاڵەوانی زۆرانبازی جیهان و برای لەیلا پاشایی لە ڕوونکردنەوەی ئەم تۆمەتەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی کە «خوشکەکەی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژن، دژایەتی خۆی لەگەڵ حیجابی ئیجباری، هاوسەرگیری منداڵ و سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ ژنانی زیندانیکراو ڕاگەیاندووە و لەگەڵ ژنانی دیکەدا لەبارەی ئەم بابەتانەوە ناڕەزایەتیان دەربڕیووە».
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەم ڕۆژانەی دواییدا، لانیکەم ٤ چالاکی مەدەنی ژن لە شارەکانی کوردستان دەستبەسەر کراون. جگە لە لەیلا پاشایی، ناوەکانی وەکو سوهەیلا موتاعی لە شاری سەقز و دێولان، هەروەها باران ساعدی و سۆما محەمەدڕەزایی لە شاری سنە، بە ناوی دەستبەسەرکراوانی دیکە ڕاگەیەندراون. تا ئێستا زانیاریەک لە شوێنی مانەوەی ئەم چالاکانە ڕانەگەیەندراوە.
دەستبەسەرکرانی ئەم چالاکانە لە کاتێکدا ئەنجامدراوە کە لەم مانگانەی دواییدا فشارەکان لەسەر چالاکانی مافی ژنان لە ئێران بەرز بووەتەوە و ناوەندە ئەمنییەکان سەرکوتی فراوانیان لەسەر ناڕەزایەتیەکان و چالاکانی مەدەنی کردووە.