
ئەنوەر مەولوودی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “خێرئاوا”ی سەر بە شاری مەهاباد، دوای تێپەڕاندنی ١٣٠ ڕۆژ دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتەی ١٥ ملیار تمەنی بە کاتی ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥، ئەنوەر مەولوودی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی گوندی خێرئاوای سەر بە ناوچەی شامات لە مەهاباد، دوای چوار مانگ و هەشت ڕۆژ دەستبەسەری، بە دانانی بارمتەیەکی قورسی ١٥ ملیار تمەنی بە کاتی ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١٥ی ڕەشەممەی ١٤٠٤، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە مەهاباد، بەبێ هیچ بڕیارێکی دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەنوەر مەولوودی لە تەواوی ١٣٠ ڕۆژەی دەستبەسەریدا، لە مافی پارێزەر، چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.
سەرەڕای ئازادکردنی کاتیی ئەم هاووڵاتییە، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەلایەن لایەنە بەرپرسەکان سەبارەت بە تۆمەتەکانی دژی و پرۆسەی دادوەری بە دۆسیەکەی بڵاو نەکراوەتەوە.

