
ڕەشید حیسامی، مامۆستای پەروەردە و خەڵکی شاری قوروە، لەدوای هێرشکردنە سەر ماڵەکەی لەم شارە لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٥، ڕەشید حیسامی، مامۆستای پەروەردە و خەڵکی شاری قوروە، لە کاتی هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆ سەر ماڵەکەی لە گەڕەکی بەعسەتی ئەم شارە دەستبەسەر کرا.
بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی ڕژیم بەبێ بڕیاری دادگا و بە توندوتیژی ئەم مامۆستایەیان دەستبەسەر کردووە. هەروەها، هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنیدا، ماڵی ڕەشید حیسامی لەلایەن هێزەکانی ڕژیم پشکنینی بۆ کراوە.
دوای گواستنەوەی ئەم هاووڵاتییە، هەوڵەکانی خانەوادەکەی بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر دۆخ و شوێنی ڕاگرتنی تا ئێستا بێئەنجام بووە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتەکانی ڕەشید حیسامی، شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.

