زیندانی ورمێ؛ به‌ردەوامیی ده‌ستبه‌سه‌رکردن و ئه‌شکه‌نجه‌دانی شلێر مام‌قادری، ژنێکی تووشبوو بە شێرپەنجە / بێبەشکردنی لە چارەسەر، ژیانی خستووەتە ژێر مەترسیی جددی

له‌ کاتێکدا ٤٣ ڕۆژ به‌سه‌ر ده‌ستبه‌سه‌رکردنی سەرەڕۆیانەی «شلێر مام‌قادری»، ژنی ته‌مه‌ن ٣٤ ساڵه‌ی خه‌ڵکی مه‌هاباد تێده‌په‌ڕێت، ڕاپۆرته‌کان دەڵێن که‌ ناوبراو له‌ ماوه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رکرانیدا که‌وتووه‌ته‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌ی دژواری جه‌سته‌یی و سه‌رباری تووشبوونی به‌ شێرپه‌نجەی مەمک، تا ئێستاش له‌ چاره‌سه‌ری ته‌واو، ده‌رمان و مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی بێبه‌ش کراوه‌.

به‌پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌کان ڕایانگه‌یاندووه‌ که‌ شلێر مام‌قادری له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا و به‌هۆی ئه‌شکه‌نجه‌ی توندی جه‌سته‌یی، تووشی شکان و خوێنبه‌ربوونی ناوخۆیی بووه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ له‌ژێر چاودێریی توندی ئه‌منییه‌تیدا گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ یه‌کێک له‌ نەخۆشخانەکانی ورمێ و نه‌شته‌رگه‌ریی بۆ کراوه‌. به‌ڵام پێش ته‌واوبوونی پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ر و پزیشکی پێویست، دووباره‌ بۆ زیندانی ورمێ گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌کان، ئه‌م ژنه‌ که‌ دایکی دوو کچه‌ (که‌ یه‌کێکیان منداڵێکی ساوا و بچووکە)، هێشتا له‌ مافی چاوپێکه‌وتن لەگەڵ منداڵه‌کانی، په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنیی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی و پارێزه‌رەکەی بێبه‌شه‌. سه‌رچاوه‌ نزیکه‌کان ده‌ڵێن له‌ ماوه‌ی ئه‌م ٤٣ ڕۆژه‌دا، ته‌نیا یه‌کجار په‌یوه‌ندییه‌کی کورتی چه‌ند چرکه‌یی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی هه‌بووه‌.

پێشتر لە پێنجی گوڵانی ١٤٠٥، لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا و هاوکات لەگەڵ هه‌ژدەیەمین ڕۆژی دەستبەسەرکردنی شلێر مام‌قادری، هەواڵی ڕاگرتنی ناوبراو لە بێدەنگیی ڕەها و لە شوێنێکی نادیار لە ورمێ بڵاو کرابووەوە. هەروەها لە دەی گوڵان و هاوکات لەگەڵ بیست و سێیەمین ڕۆژی دەستبەسەرکردنیدا، ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە بێبەشکردنی ئەم بەندکراوە لە بینینی پارێزەر و سەپاندنی ئەشکەنجەی توندی جەستەیی دژی ئەو بڵاوببووەوە.

شلێر مام‌قادری زیاتر لە ساڵێکە نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمکی هەیە و لەژێر چارەسەری کیمیاییدایە، لە هەردوو قۆناغی دەستبەسەرکردنیدا لە دەرمانی پێویست و بەردەوامبوونی پرۆسەی چارەسەرەکەی بێبەش کراوە. نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی جەستەیی ئەو لە کاتێکدا ڕووی لە زیادبوون کردووە کە ڕاپۆرتەکان باس لە ئەشکەنجەدان لە گرتووخانەکان و گەڕاندنەوەی بۆ زیندان دەکەن، سەرەڕای ناجێگیربوونی باری تەندروستیی.

ئەم هاووڵاتییە کوردە بەرەبەیانی پێنجشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، لە دوای هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆ سەر ماڵەکەی و بێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری، دەستبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابووەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەستبەسەرکردنی ئەم دواییە، دووەمین دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی ناوبراوە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا.

پێشتریش لە نیوەشەوی ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، دەیان هێزی چەکدار بە شکاندنی دەرگای ماڵەکەی و لەگەڵ توندوتیژی، هەڕەشە و جنێودان، شلێر مام‌قادریان دەستبەسەر کردبوو؛ بە شێوازێک کە تەنانەت ڕێگەیان پێنەدابوو جلی گونجاویش بپۆشێت. ناوبراو لەو کاتەدا بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە مەهاباد گوازرابووەوە و لە ١٦ی ڕێبەنداندا، دوای دانانی بارمتەی سەنگینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن تمەن، بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

بەگوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، شلێر مام‌قادری لە خولی یەکەمیشدا لەژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونیدا بووە و بەهۆی توندیی لێدان و کوتانەوە، یەکێک لە قاچەکانی شکابوو؛ بە شێوەیەک کە دوای ئازادبوونی ڕاستەوخۆ بۆ نەخۆشخانە گوازرابووەوە و نەشتەرگەریی بۆ کرابوو، هێشتاش پێویستی بە بەردەوامیی چارەسەر هەیە. ناوبراو لەو کاتەدا لە بینینی پارێزەر و چاوپێکەوتنی منداڵەکانی بێبەشبووە و تەنیا دوو پەیوەندیی کورتی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی پێدرابوو.

سەرچاوەکان هه‌روه‌ها جەختیان کردووەتەوە کە شلێر مام‌قادری لە ڕێگەی کاری پاککردنەوەی ماڵان بژێوی ژیانی خۆی و دوو کچەکەی دابین دەکرد و بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنی، منداڵەکانیی بێ دایک ماونەتەوە و لە بارودۆخێکی یەکجار سەختی ئابووری و بژێویدان.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، دامەزراوە ئەمنیی و دادوەرییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتە ئاراستەکراوەکان و دۆخی دۆسیەی ئەم هاووڵاتییە نەداوە. هاوکات، بەردەوامیی بێبەشکردنی لە چارەسەری پزیشکی، دەرمان، پارێزەر، چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی و پەیوەندی لەگەڵ منداڵەکانی، نیگەرانییەکی بەربڵاوی لەسەر دۆخی جەستەیی و پێشێلکاریی جددیی مافەکانی مرۆڤ دروست کردووە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بۆکان؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و بێسەروشوێنیی «ئەستی محەمەدی»، دایکی دوو چالاکوانی سیاسی

چ مه 20 , 2026
پاش تێپەڕبوونی ۹ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی «ئەستی محەمەدی»، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و دۆخی ناوبراو لەبەردەستدا نییە؛ ئەم ژنە تەمەن ۶۷ ساڵانە لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی، چاوپێکەوتنی پارێزەر بێبەش کراوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی دووشەممە ٢١ی گوڵانی ١٤٠٥، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان بەبێ […]

بابەتی پەیوەندیدار