کوردستان؛ دەستبەسەرکردنی ۲۳۹ کەس لەلایەن ئیتلاعاتی سوپاوە بە پاساوی ئەمنی

لە بەردەوامی جەوی ئەمنیدا، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی ٢٣٩ هاووڵاتیی لە پارێزگاکانی کرماشان و کوردستان ڕاگەیاند و تۆمەتگەلێکی وەک سیخوڕی، ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکان و قاچاخی چەکی خستووەتە پاڵیان.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز بە گوتەی هەرانا، ڕۆژی شەممە ٥ی گوڵانی ١٤٠٥،  ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە لە چەندین ئۆپەراسیۆندا لە پارێزگاکانی کرماشان و کوردستان، بە گشتی ٢٣٩ کەس دەستبەسەر کراون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٨٤ کەس لە پارێزگای کوردستان بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە حیزبەکانی دژبەری ڕژیم، قاچاخی چەک و ئامێری ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد» دەستگیر کراون و لە میانی ئەم ئۆپەراسیۆنانەدا کەسێکیش کوژراوە.

ئەم دامەزراوە ئەمنییە هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە لە پارێزگای کرماشان، ١٤٤ کەس بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی چەکی بێ مۆڵەت، چوار کەس بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ مۆساد» و حەوت کەسی دیکە بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکان، دروستکردنی بۆمبی دەستکرد و کڕینی چەکی بێ مۆڵەت» دەستبەسەر کراون.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بڕێک چەک، تەقەمەنی و کەرەستەی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد لە دەستبەسەرکراوان دەستی بەسەردا گیراوە.

هاوکات، نەبوونی ڕوونی و شەفافیەت سەبارەت بە ناسنامەی دەستبەسەرکراوان، شوێنی ڕاگرتن و پرۆسەی دادگاییکردنیان، نیگەرانییەکی جدیی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە. ئەم شەپۆلە لە دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ لە کاتێکدایە کە دوای جەنگی ٤٠ ڕۆژەی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا، نیشانەکانی توندبوونەوەی کەشی ئەمنی و زیادبوونی سەرکوت لە ناوچە جیاجیاکان بەتایبەت لە کوردستان دەبینرێت؛ ڕەوتێک کە دەکرێت ببێتە هۆی پێشێلکردنی بەرفراوانی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان، لەوانە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، هەبوونی پارێزەر و پارێزراوی لە دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، ئەمەش پێویستیی سەرنجی بەپەلەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بۆ دۆخی دەستبەسەرکراوان دوو هێندە دەکات.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

ورمێ؛ پشتڕاستکردنەوەی سزای لە سێدارەدانی ناسر بەکرزادە لەلایەن دیوانی باڵای وڵات

ی آوریل 26 , 2026
سزای لە سێدارەدانی «ناسر بەکرزادە»، زیندانی بەندکراوی زیندانی ناوەندیی ورمێ کە بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» سزادراوە، لەلایەن دیوانی باڵای وڵات پشتڕاستکرایەوە و پێی ڕاگەیەندرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٥ی گوڵانی ١٤٠٥، ناسر بەکرزادە دوای بانگکرانی بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، بە  فەرمی لە پشتڕاستکردنەوەی سزای لە […]

بابەتی پەیوەندیدار