
بیست و هەشتی ئاوریل، هاوکات لەگەڵ هەشتی گوڵان، ڕۆژی جیهانیی تەندروستی و پاراستنی ژینگەی کارە. بۆ ملیۆنان کرێکار لە سەرانسەری جیهان، شوێنی کار تەنیا شوێنی دابینکردنی بژێوی ژیان نییە، بەڵکوو شوێنی ئازار چەشتن، نەخۆشی، کەمئەندامبوون و مەرگیشە. لە ئێران، ئەم واقیعە ڕەهەندێکی یەکجار هەژێنەرتر و سامناک تری هەیە. بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، ساڵانە نزیکەی دوو هەزار کرێکار لە ڕووداوەکانی کاردا گیانیان لەدەست دەدەن. لە هەمان ماوەدا، پتر لە بیست و شەش هەزار کەس تووشی ڕووداو و زیانی جەستەیی سەخت دەبن و دەیان هەزار کەسی دیکەش لە ژینگە پیسبووەکانی کاردا تووشی نەخۆشی دەبن. تەنانەت بەگوێرەی هەر ئەم ئامارە فەرمی و ناتەواوانەش، ساڵانە بە کۆی گشتی نزیکەی سێ هەزار ڕووداوی کار لە ئێران تۆمار دەکرێت. تەنانەت ئەم ژمارانە خۆی لەخۆیدا هەژێنەرن، بەڵام ژمارەی ڕاستییەکە زۆر لەوە بەرفراوانتر و بەئازارترە.
ئامارە فەرمییەکان لە ئێران تەنیا بەشێکی ڕاستییەکە دەردەخەن. زۆرێک لە ڕووداوەکان لە بنەڕەتدا لە هیچ شوێنێک تۆمار ناکرێن. ئەو ڕووداوانەی بەسەر کرێکارانی ئەفغانییدا دێن، زۆرتر لە دەرەوەی بازنەی تۆمارە فەرمییەکان دەمێننەوە. لە گیانلەدەستدانی کۆڵبەران، کە خۆی یەکێکە لە توندوتیژترین شێوەکانی نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی و بژێوی، لەم ئامارانەدا هیچ ئاماژەیەکیان پێ ناکرێت. لە زۆر حاڵەتیشدا، ڕووداوەکە لە هەمان شوێن و لە نێوان خاوەنکار و بنەماڵەی کرێکارە گیانبەختکردووەکە یان بریندارەکەدا، بە شێوەیەک چارەسەر دەکرێت کە بێگومان لە زیانی کرێکار و بنەماڵەکەی دایە، بێ ئەوەی هیچ بەڵگە و ئاسەوارێکی لە هیچ شوێنێکدا بمێنێتەوە. جگە لەوە دەبێت “مەرگە بە شێنەیی و خامۆشەکان”یش بەم ڕووداو دڵتەزێنانەوە زیاد بکەین، ئەو مەرگانەی کە نەک لە ئاکامی تەقینەوە و کەوتنەژێر داروپەردوو و کەوتنە خوارەوە، بەڵکوو لە ئەنجامی ساڵانێک کارکردن لە ژینگەی ناتەندروستدا ڕوو دەدەن، لەوانە: لە پیشەسازییەکانی پترۆشیمی، کانگاکان، ناوەندەکانی دەرهێنانی نەوت، کارگەی شیمیایی و ئەو شوێنانەی کە کرێکار تێیاندا تووشی نەخۆشییەکانی هەناسە، خوێن، هەرس، پێست، شێرپەنجە و پەککەوتەیی و پیریی پێشوەختە دەبن. ئەمانەش بەشێکن لە قوربانیانی کار، هەرچەندە لە ئامارە فەرمییەکاندا جێگەیان نابێتەوە.
خاوەنکاران لەبەر قازانپەرستی و چاوچنۆکی، نە دەیانەوێت ئەمنییەت و بواری تەندروستی شوێنی کار باشتر بکەن و نە نیگەرانی لەدەستدانی کرێکارانن بەهۆی نائەمنیی شوێنی کارەوە. لۆژیکی ئەوان ڕوونە، ئەویش ئەوەیە کە هەزینەی پاراستن، نوێکردنەوەی کەرەستەکان، ڕاهێنانی هێزی کار، ڕاگرتنی کارە مەترسیدارەکان و ڕەچاوکردنی ستانداردەکان، لە قازانجەکەیان کەم دەکاتەوە. لە بەرامبەردا، ئەوان بیر هێزی کاری جێگرەوە دەکەنەوە. ئەوان دەزانن کە لەشکری بێکاران لە مەیدانەکانی کار و لە پشت دەرگای کارگەکاندا ڕیزیان بەستووە. هەر کرێکارێک بریندار بێت، گیان لەدەست بدات یان لە ترسی گیانی واز لە کار بهێنێت، زۆر بە ئاسانی بە کرێکارێکی دیکە جێگەی پڕ دەکرێتەوە.
لە ئاوا بارودۆخێکدا، ڕوونە کە چاوەڕوانی لە خاوەنکار بۆ دڵسۆزی، یان لە دەوڵەت بۆ پشتیوانیی ڕاستەقینە لە گیانی کرێکاران، تەنیا وەهم و خۆشباوەڕییە. دەوڵەتیش وەک پارێزەری سیستەمی سەرمایەداری، نەک لایەنی کرێکار ناگرێت، بەڵکوو لە کەنار خاوەنکاردا دەوەستێت. چاودێرییەکان وەک پێویست نییە، سزاکان کەم و لاوازن و یاسا بەردەستەکانیش جێبەجێ ناکرێن یان هەر لە سەرەتاوە بە جۆرێک داڕێژراون کە بەرژەوەندیی خاوەن سەرمایەکان نەخەنە مەترسییەوە. کەواتە دابینکردنی ئەمنییەتی ژینگەی کار، ڕێک وەک هەر داواکارییەکی تری کرێکاریی، تەنیا لە ڕێگەی گوشار و خەباتی ڕێکخراوەییەوە دەسەپێنرێت. ئەگەر کرێکاران خۆیان بیر لە گیان و تەندروستیی خۆیان نەکەنەوە، هیچ هێزێک لە سەرەوە ئەم ئەمنییەتەیان پێ نابەخشێت.
بێگومان هۆکارە کتوپڕەکانی زیادبوونی ڕووداوەکانی کار لە ئێران، دەکرێ لە لاوازیی کەرەستەکان، کۆنبوونی ژێرخانەکان، نەبوونی چاودێریی پێویست، پەیمانکارییە چەندین لایەنەکان، ڕاهێنانی ناکافی و لە سەرووی هەمووشیانەوە “فشاری بەرهەمهێنان”دا ببیندرێنەوە، ئەو فشارەی کە پرسی پاراستن دەخاتە پەراوێزەوە و خێرایی، بڕی بەرهەم و کەمکردنەوەی تێچوو دەکاتە ئەولەوییەتی سەرەکی. بەڵام لە پشت هەموو ئەم هۆکارانەوە، پرسێکی بنەڕەتیتر هەیە کە بریتییە لە نەبوونی هێزی ڕێکخراوی کرێکاریی بۆ ڕاگرتنی کاری نائەمن. لە زۆرێک لە ناوەندەکانی کاری ئێران، کرێکار تەنانەت ئەگەر بزانێت بارودۆخەکە مەترسیدارە، بە کردەوە توانایی و مافی ڕاگرتنی کارەکەی نییە. ئەو دەزانێت ئەگەر ناڕەزایەتی دەربڕێت، هەڕەشەی لێ دەکرێت، دەردەکرێت یان کرێکارێکی تر دەخرێتە شوێنەکەی. هەر ئەم بێدەسەڵاتییە، ژینگەی کار دەکاتە کوشتارگە بۆ کرێکار.
لێرەوە دەتوانین وەڵامی پرسیارێکی گرینگ بدەینەوە: بۆچی لە هەندێک وڵات بە بەراورد لەگەڵ ئێران، کرێکار کەمتر دەمرێت؟ وەڵامەکە، بە پێچەوانەی ئەوەی هەندێک جار تەسەور دەکرێت، تەنیا لە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو یان یاسای باشتردا کورت نابێتەوە. هۆکاری یەکلاکەرەوە، هۆکارێکی کۆمەڵایەتی و چینایەتییە، ئەویش هێزی یەکیەتییەکان و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکارییە. لێکۆڵینەوە بەراوردکارییەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار (ILO) دەریدەخەن کە لەو وڵاتانەی ڕێژەی ئەندامبوون لە یەکیەتییەکاندا بەرزە، ڕێژەی مردنی پیشەیی زۆر کەمترە لەو وڵاتانەی کە ڕێکخراوە کرێکارییەکان تێیاندا لاوازن یان سەرکوت کراون.
لە ئاڵمان، سیستەمی “شۆڕایی کار” لە کارگەکاندا مافی یاسایی کرێکاران بۆ ڕاگرتنی کاری نائەمن مسۆگەر دەکات. هەر ئەم میکانیزمە بووەتە هۆی ئەوەی لە زۆرێک لە پیشەسازییە قورسەکاندا، ڕێژەی مردنی پیشەیی زۆر نزم بێت. لە سوئێد، بەهۆی هەبوونی یەکیەتیی بەرفراوان و ئامادەبوونی زۆرەملێی نوێنەری پاراستنی کرێکاران لە شوێنی کاردا، ڕووداوە کارەساتبارەکان لە پیشەسازییەکانی بیناسازی و بەرهەمهێناندا بە ڕادەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. لە کانەداش ئامادەبوونی چالاکانەی یەکیەتییەکان لە کانگا و کەرتەکانی بیناسازی و جێبەجێکردنی کۆنترۆڵ و چاوەدێری هاوبەشی کرێکار-خاوەنکار، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ئەو مەرگانەی کە شیاوی پێشگرتن بوون. واتە لە هەر شوێنێک کرێکار هێزی ڕێکخراوی هەبێت، مردن کەمترە.
کەواتە پرسی پاراستنی کار، لە بنەڕەتدا پرسی هاوسەنگیی هێزە. تا ئەو کاتەی کرێکار ناڕێکخراو بێت، تا ئەو کاتەی مافی ناڕەزایەتی، مافی مانگرتن، مافی ڕاگرتنی کاری نائەمن و مافی چاودێریی بەکۆمەڵی بەسەر بارودۆخی کاردا نەبێت، ژینگەی کار بە نائەمنی دەمێنێتەوە. خاوەنکار تەنیا کاتێک مل بە دابینکردنی پاراستن و ئەمنییەت دەدات کە تێچووی کەمتەرخەمییەکانی بەرز بێتەوە، ئەم تێچووەش تەنیا هێزی ڕێکخراوی کرێکاران دەتوانێت بەسەریدا بسەپێنێت.
ڕۆژی جیهانیی تەندروستی و پاراستنی ژینگەی کار، دەبێت لە ئێران ببێتە ڕۆژی ناڕەزایەتی دژ بەم کوشتارە خامۆشە. ڕۆژێک بۆ وەبیرهێنانەوەی ناو و ژیانی ئەو کرێکارانەی لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە، داڕمان، کەوتنەخوارەوە، تەقینەوە، ژەهراویبوون و نەخۆشییە پیشەییەکاندا گیانیان لەدەست داوە، هەروەها ڕۆژێک بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئەم ڕاستییەی کە نابێت گیانی کرێکار ببێتە قوربانیی قازانج و بەرژەوەندی سەرمایە. بەرگریکردن لە پاراستنی ژینگەی کار، بەرگریکردنە لە مافی ژیان. ئەم مافە نە خاوەنکاران بە ویستی خۆیان قبووڵی دەکەن و نە دەوڵەت لەخۆیەوە گەرەنتی دەکات. ئەم مافە دەبێت بە خەباتێکی شێلگیر وشیارانە و سەرتاسەری و ڕێکخراو بەسەریاندا بسەپێنرێت. لە ئێرانی ئەمڕۆدا، داواکاریی پاراستنی ژینگەی کار، لە داواکاریی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاریی جیا نابێتەوە. واقیعییەت ئەوەیە کە کرێکار ئەگەر ڕێکخراوی نەبێت، ئەمنییەتیشی نییە.
