
سزای لە سێدارەدانی «ناسر بەکرزادە»، زیندانی بەندکراوی زیندانی ناوەندیی ورمێ کە بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» سزادراوە، لەلایەن دیوانی باڵای وڵات پشتڕاستکرایەوە و پێی ڕاگەیەندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٥ی گوڵانی ١٤٠٥، ناسر بەکرزادە دوای بانگکرانی بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، بە فەرمی لە پشتڕاستکردنەوەی سزای لە سێدارەدانەکەی ئاگادار کراوەتەوە. ئەم سزایە پێشتر لە ڕێبەندانی ١٤٠٤دا بۆ سێیەمین جار لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ دەرچووبوو.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ئەم دۆسیەیە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا چەندین جار لە دیوانی باڵای وڵات لێکۆڵینەوەی بۆ کراوە و لە هەندێک قۆناغدا بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان و بایەخنەدان بە بەڵگەنامەکانی بەرگری، هەڵوەشێنرابووەوە و ڕەوانەی دادگای هاوشێوە کرابووەوە. سەرەڕای ئەوەش، لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ دووبارە سزای سێدارەی دەرکردەوە و ئەمجارەیان دیوانی باڵا پەسندی کرد.
ناسر بەکرزادە، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی ورمێ، بۆ یەکەمجار لە خەزەڵوەری ١٤٠٣دا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپا. دانیشتنی دادگاییەکەی لە ١٢ی خەزەڵوەری هەمان ساڵدا بەڕێوەچوو. ئەم سزایە لە خاکەلێوەی ١٤٠٤دا لە قۆناغی پێداچوونەوەدا هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە بۆ پێداچوونەوەی دووبارە گەڕێندرایەوە، بەڵام لە درێژەی پرۆسەکەدا دیسانەوە سزای سێدارەی بۆ بڕایەوە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢دا لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر کرا و دوای چەند هەفتە لێپێچینەوە بە کاتی ئازاد کرا، بەڵام لە ١٢ی بەفرانباری هەمان ساڵدا دووبارە دەستبەسەر کرایەوە و دوای چەندین مانگ لێپێچینەوە لە زیندانی ئیتلاعاتی سوپا لە سەربازگەی ئەلمەهدیی ورمێ، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە.
دەرکردن و پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارە لە دۆسیەگەلێکدا کە تۆمەتی ئەمنییان لەسەرە، بەتایبەت لە بارودۆخێکدا کە ڕاپۆرتەکان باس لە کەموکوڕی لە ڕێڕەوی دادگاییکردن و سنووردارکردنی مافی بەرگریی تۆمەتباران دەکەن، بووەتە هۆی نیگەرانیی جدیی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ توندبوونەوەی کەشی ئەمنی دوای جەنگی ٤٠ ڕۆژەی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، کە مەترسیی زیادبوونی دەرکردن و جێبەجێکردنی ئەم جۆرە سزایانەی زیاتر بەرجەستە کردووەتەوە.

