
«شێرکۆ تابناک»، زیندانیی سیاسیی پێشوو و هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ، هێشتا چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ٥ی گوڵانی ١٤٠٥، شێرکۆ تابناک، تەمەن ٣٨ ساڵ، بەهۆی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بۆ سەر ماڵی باوکی لە بۆکان و بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری، دەستبەسەر کرا. بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ئەم دەستبەسەرکردنە بە توندوتیژییەوە بووە و ناوبراو دوای دەستبەسەرکردن بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
شێرکۆ تابناک پێشتریش بەهۆی چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکانییەوە چەندین جار لەلایەن ناوەندەکانی ڕژیم دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لە ڕابردوودا لانیکەم دوو جار لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای زیندانیی بەسەردا سەپابوو و دوای تەواوکردنی ماوەی سزادانەکەی لە زیندان ئازاد کرابوو.
لەگەڵ تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیدا، هێشتا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە بڵاو نەکراوەتەوە؛ بێخەبەری لە بارودۆخی ناوبراو، بووەتە هۆی نیگەرانییەکی قووڵ بۆ بنەماڵەکەی.

