ورمێ؛ جێبەجێکردنی نهێنیانەی سزای سێدارەی میحراب عەبدوڵڵازادە، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا

«میحراب عەبدوڵڵازادە»، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری ورمێ، کە لە کاتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، بە شێوەیەکی نهێنی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە درا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی گوڵانی ١٤٠٥، سزای سێدارەی میحراب عەبدوڵڵازادە، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٢٧ ساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا و چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە ناوەندی ڕاگەیاندنی دەزگای دادوەرییش جێبەجێکردنی ئەم سزایەی پشتڕاست کردەوە. ئەم بەندکراوە پێش جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابۆوە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ڕۆژی سێشەممە ٨ی گوڵانی ١٤٠٥، میحراب عەبدوڵڵازادە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سووکایەتیپێکردنی یەکێک لە سەربازانی هۆڵی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی بەندکراوە سیاسییەکان و دروستبوونی گرژی لەگەڵیدا، بە فەرمانی سەرۆکی بەندیخانەی ورمێ، بە کەلەپچە و کۆت و زنجیرەوە وەک سزایەکی تەمێکردن بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابووەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر “نەجەفزادە”، بە تۆمەتگەلێکی وەک «بەغی» و «افساد فی الارض» لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی کوژرانی یەکێک لە هێزەکانی ڕژیم لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ڕەزبەری ١٤٠١ لە “نوشین شار”ی ورمێ، سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو. ناوبراو سەرجەم تۆمەتەکانی ڕەت کردبووەوە و ڕایگەیاندبوو کە دانپێدانانەکانی لەژێر ئەشکەنجەدا لە زینداندا لێ وەرگیراوە.

سزای سێدارەکەی پێشتر لە لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرابووەوە و دوای ئەوەش، لقی ٣٩ی دیوانی باڵا داواکاریی پێداچوونەوەی دۆسیەکەی ڕەت کردبووەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم سزایە بێ تێپەڕاندنی تەواوی قۆناغە یاساییەکانی پەیوەست بە تانەدان لە بڕیارەکە جێبەجێ کراوە.

هاوکات، ناوەندی ڕاگەیاندنی دەزگای دادوەری ئیدیعای کردووە کە میحراب عەبدوڵڵازادە لەگەڵ چەند تۆمەتبارێکی دیکە لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا، دەستیان هەبووە لە گەمارۆدان و لێدان و کوشتنی چەکدارێک لە هێزەکانی ڕژیم.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

پیرانشار؛ دەستبەسەرکرانی توندوتیژانەی مانی عەبدوڵڵازادە لەلایەن هێزەکانی ڕژیم

ی مه 3 , 2026
«مانی عەبدوڵڵازادە»، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «دربکە»ی سەر بە شاری پیرانشار، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ١٢ی گوڵانی ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژیم بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی باوکی ئەم هاووڵاتییە […]

بابەتی پەیوەندیدار