
مەهدی پاکمیهر، هونەرمەند و گۆرانیبێژی خەڵکی بۆجنۆرد، بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی کە شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانیی تەعزیری و ٧٤ قامچییە، دەستبەسەر کرا و بۆ زیندانی ناوەندیی بۆجنۆرد گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، مەهدی پاکمیهر، هونەرمەند، گۆرانیبێژ و وەرزشوانی خەڵکی بۆجنۆرد لە پارێزگای خۆراسانی باکوور، لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر کرا و بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ بەندی ئەمنیی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە گوازرایەوە.
مەهدی پاکمیهر کە لە بواری برەودان بە زمان و کولتووری کوردی چالاکیی هەبووە و لە بواری بۆکسێندا وەرزش دەکات، پێشتر لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباردا دەستبەسەر کرابوو و دوای تێپەڕاندنی دادگاییەکەی، سزای زیندان و قامچیی بەسەردا سەپابوو.
بەپێی ئەو سزایانەی دەرچوون، لقی دادگای شۆڕشی بۆجنۆرد ئەم هونەرمەندەی بە تۆمەتەکانی “پڕوپاگەندە دژی ڕژێم” و “گردبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ تێکدانی ئاسایش” سەرەتا بە چوار ساڵ زیندانیی تەعزیری و یەک ساڵ زیندانیی دواخراو سزادا. دوای ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو سزایە، سزاکەی لە قۆناغی پێداچوونەوەدا قورستر کرا و بڕی زیندانییە تەعزیرییەکەی بۆ پێنج ساڵ زیاد کرا.
هەروەها لقی دووی دادگای سزاکانی بۆجنۆرد بە سەرۆکایەتیی دادوەر مورادی، مەهدی پاکمیهری بە تۆمەتی “تێکدانی ڕێکخستنی گشتی” بە یەک ساڵ و سێ مانگ زیندانیی تەعزیری و ٧٤ قامچی سزادرابوو.
ئەم هونەرمەندە ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی هێرشی چەکدارانەی هێزەکانی ڕژێم بۆ سەر کافە تایبەتییەکەی لە بۆجنۆرد دەستبەسەر کرابوو. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بەهۆی بەرکەوتنی گوللەی ساچمەیی هێزەکانی ڕژێم بریندار ببوو و دواتر بە لێدان و کوتان و تێکدانی کەلوپەلەکانی کافەکەی، بۆ گرتووخانە گوازرابووەوە.
مەهدی پاکمیهر نزیکەی دوو مانگ لە گرتووخانە و کەرەنتینەی زیندانی بۆجنۆرد ڕاگیرا و دواتر بە دانانی بارمتەیەک بە شەش ملیار تمەن بە کاتی ئازاد کرا. لە ڕاپۆرتەکانی پێشوودا، بانگەشەی ئەوە کراوە لە سەردەمی دەستبەسەرکردنیدا فشاری خراوەتە سەر و لە خزمەتگوزاریی پزیشکیی بێبەش کراوە.
ئەم هونەرمەندە پێشتریش پێشینەی دەستبەسەرکردن و سزادانی هەبووە. ناوبراو لە ساڵی ١٤٠٣، دەستبەسەر کرابوو و بە شەش مانگ زیندانیی تەعزیری سزا درابوو، هەروەها لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا دەستبەسەر کرابوو.
مەهدی پاکمیهر هەروەها لە جۆزەردانی ١٣٩٦، دوای بڵاوکردنەوەی گۆرانیی «بژی کوردستان»، بە هۆی ئاماژەدان بە کوردستان، پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان لەم بەرهەمەدا، لەلایەن ناوەندی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرابوو.

