ئاشخانە؛ بەردەوامیی بێ ئاگایی لە چارەنووسی حەمید محەممەدزادە، پاڵەوانی کوردی کرمانجی زۆرانبازیی چۆخە، دوای پێنج ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی

سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی حەمید محەممەدزادە، گەنجی کوردی کرمانجی خەڵکی ئاشخانە و یەکێک لە پاڵەوانە ناسراوەکانی زۆرانبازیی چۆخە، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و دۆخی ناوبراو لە بەردەستدا نییە؛ ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردنیی لە مافی هەبوونی پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێککەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥، حەمید محەممەدزادە، گەنجی کوردی کرمانجی خەڵکی گوندی “بیار” لە شاری ئاشخانە لە پارێزگای خۆراسانی باکوور، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ڕژێم بۆ سەر ماڵی تایبەتیی خۆی، بەبێ سزای دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بەپێی زانیارییەکان، سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیدا، بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە هێشتا لە شوێنی ڕاگرتن و دۆخی کوڕەکەیان بێئاگان. هەروەها تا ئێستا هیچ دەزگای ئەمنی یان دادوەریی لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنی ناوبراو ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە و لەم ماوەیەدا لە مافی هەبوونی پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێککەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

حەمید محەممەدزادە یەکێکە لە کەسایەتییە ناسراو و خۆشەویستەکانی زۆرانبازیی چۆخە لە خۆراسانی باکوور. زۆرانبازیی چۆخە یەکێکە لە کۆنترین وەرزشە ناوخۆییەکانی ئێران کە ڕەگێکی قووڵی لە فەرهەنگی کوردانی کرمانجی خۆراساندا هەیە؛ ئەم وەرزشە جیا لە لایەنە وەرزشییەکەی، وەک بەشێک لە ناسنامەی فەرهەنگی، نەریتە خۆجێییەکان و ئایینی پاڵەوانێتیی خەڵکی ئەم ناوچەیەیە.

ئەم بوارە وەرزشییە ساڵانە، بەتایبەت لە ڕۆژانی نەورۆزدا، بە ئەنجامدانی پێشبڕکێ لە گۆڕەپانی “زەینەلخانی ئەسفەراین”، هەزاران تەماشاکار لە شوێنەکانی ئێران کۆدەکاتەوە، و پاڵەوانەکانی لە نێو خەڵکی ناوچەکەدا وەک هێمای جوامێری، ئازایەتی، ئەخلاق و ڕێزگرتن لە بەرامبەر دەناسرێن.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

ورمێ؛ پێنج هاووڵاتیی کورد سزای زیندانیانیان بەسەردا سەپێندرا

چ جولای 8 , 2026
دادگای شۆڕشی ورمێ لە بەردەوامیی پرۆسەی سزادانی دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکاندا، سزای زیندانی تەعزیریی بۆ پێنج هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ دەرکرد، کە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردووەوە لە دەستبەسەریدان. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لقەکانی یەکەم و سێیەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بۆ هەر یەک لە “کەریم مەسعوودی”، “بێهزاد سەمەدزادە”، “فەرشاد سووری”، “غۆلامڕەزا عەبدوڵڵازادە” و […]

بابەتی پەیوەندیدار