کوردستان؛ کوژران و برینداربوونی پێنج کۆڵبەر بەهۆی تەقەی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە چوار ڕۆژی سەرەتای گەلاوێژدا

لە چوار ڕۆژی سەرەتای گەلاوێژی ١٤٠٤، لانیکەم پێنج کۆڵبەر لە ناوچەکانی سنووری کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆ، لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی هەنگی مەرزی بە ئامانج گیران و بەهۆیەوە دوو کۆڵبەر کوژران و سێ کۆڵبەری دیکە برینداربوون.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە ئێوارەی شەمە ٤ی گەلاوێژدا، «بەرزان ساڵحی» کۆڵبەری تەمەن ٣٨ ساڵ، خێزاندار و باوکی سێ منداڵە، خەڵکی گوندی “خوری ئاوای”ی سەربە شاری بانە، لە ناوچەی سنووری «هەنگەژاڵ» بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی گیانی لەدەستدا.

پێشتر، لە ڕۆژی چوارشەممە یەکی گەلاوێژدا، دوو کۆڵبەری دیکە لە هێڵی سنووری هەورامان تەقەی لێکراوە. «ئەمین گەردی»، تەمەن چل ساڵ، خەڵکی گوندی کانی تەمرخان و باوکی منداڵێکە، لە ناوچەی «تەتە» کوژرا. لە هەمان ڕۆژدا، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی «عەتا»، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی هەورامان، لە ناوچەی «ژاڵانە» پاش تەقەکردن لە لاقی، بە سەختی لێدان و ئەشکەنجە کراوە و تووشی شکان و بریندار سەخت لە سەری بووە.

لە ئێوارەی هەمان ڕۆژدا، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری مەریوان بە ئاڕاستەی کۆڵبەران تەقەیان کردووە و بەهۆیەوە دوو کۆڵبەر برینداربوون، «ڕەسوڵ فەتحی» لە کەمەر و «دانیال ساڵحی» تەمەن ٢٤ ساڵ، خەڵکی گوندی دووپلۆرە، هەردووکیان بۆ نەخۆشخانەی مەریوان گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆمارکراو لە کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم هەژمارەدا ٥٢ کۆڵبەر واتە (٢٨٪) کوژران و ١٣١ کۆڵبەر واتە (٧٢٪) برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١٤٣ حاڵەتیان واتە (٧٨٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم ئەنجام دراوە. لە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر کە لە ساڵی ١٤٠٣دا کوژراو و بریندار بوون، ١١ کەسیان واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەک لەوان بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەستداوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

مەریوان؛ برینداربوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

ی جولای 27 , 2025
حەکیم مەحموودی، کۆڵبەری خەڵکی شاری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری ئەم شارە بریندارکرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە یەکی گەلاوێژی ١٤٠٤، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری مەریوان بە ئاڕاستەی کۆڵبەران تەقەیان کردووە و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە سەختی بریندارکرا. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە “حەکیم مەحموودی” خەڵکی […]

بابەتی پەیوەندیدار